عەممار حەکیم: پێویستە چەکی گرووپەکان رادەستی حەشدی شەعبی بکرێت

سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، لە دوو کۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەمریکا و بەریتانیا لە بەغدا، جەختی لە پێویستیی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە و داوای کرد سەرجەم چەکەکان رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی بکرێن وەک دامەزراوەیەکی فەرمی.

یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، پێشوازیی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە عێراق کرد.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ کرا.

سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، سەبارەت بە پرسی ئەمنی، داوای کرد زمانی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ بکرێتە هۆکارێک بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە چەکی گرووپەکان رادەستی حەشدی شەعبی بکرێت، چونکە ئەو دەستەیە دامەزراوەیەکی حکوومەی فەرمییە.

هاوکات گوتیشی: بڕیاری رادەستکردنی چەک پێویستە سەرجەم ئەو لایەنانە بگرێتەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا چەکدارن.

لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا، عەممار حەکیم، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و لەگەڵیدا پێوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگەکانی پەرەپێدانیان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات، تاوتوێ کرد.

سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، داوای بەکارهێنانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی کرد بۆ چارەکردنی کێشەکانی ناوچەکە و سەقامگیرکردنەوەی بارودۆخەکە. 

ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق بەهۆی رووداوەکانی ناوچەکەوە رووبەڕووی ئاڵنگاریی ئابووری بووەتەوە، بۆیە گرنگە ئەم قۆناخە بقۆزرێتەوە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و دۆزینەوەی دەروازەی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی راکێشانی تۆڕی بۆری بە دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستدا.