ئەکسیۆس: وەزیری دەرەوەی سووریا و سەرۆکی مۆساد کۆبوونەوە
وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، دیمەشق چاوەڕوان دەکات بەم نزیکانە دانوستانە ئەمنییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکەنەوە تاوەکو بگەنە رێککەوتنێک کە بە کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکی سووریا کۆتایی بێت. هاوکات لەگەڵ داواکردن لە تەلئەڤیڤ بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە مێژووییە، سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرای دەکەن, وەزیری دەرەوەی سووریا و سەرۆکی دەزگای مۆساد بە مەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکان کۆبوونەتەوە.
یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز لە دیمەشق، ئاماژەی بەوە کرد, دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی هێرشە سەربازییە بەردەوامەکانی تەلئەڤیڤەوە "هیچ متمانەیەک لە نێوان سووریا و ئیسرائیلدا نەماوە."
شەیبانی روونیکردەوە: "دوای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دانوستانەکان سڕ کران، بەڵام هیواخوازین لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستپێبکەنەوە تا ئەم دۆسیەیە یەکلا بکەینەوە. سووریا ئەمڕۆ دەستی بۆ لێکتێگەیشتن، ئاشتی و دیپلۆماسی درێژ دەکات و دەمانەوێت ناوچەکە سەقامگیر بێت، بەڵام گرەوکردن لەسەر ئیسرائیل زۆر قورسە چونکە چەندین جار هەوڵی داوە ئاسایشی خۆی لە رێگەی هێزی رووتەوە بسەپێنێت و شکستی هێناوە."
ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن لە هەوڵی بەردەوامدایە تاوەکو گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا.
هاوکات بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی، رۆژی یەکشەممە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و رۆمان گۆفمان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل مۆساد لە کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزدا بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی مەترسیی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی چاویان بە یەکتر کەوتووە، کە ئەمەش یەکەمین دیداری راستەوخۆیە دوای بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی ئەبو زهور.
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ئەمساڵدا لەسەر کاغەز رێککەوتنی ئەمنی لەسەر زۆربەی پرسەکان کرابوو، کە تەوەرە سەرەکییەکانی بریتی بوون لە، راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیل و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سووریا؛ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی دوای کەوتنی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2024 لە باشووری رۆژئاوای سووریا دەستی بەسەردا گرتوون؛ دیاریکردنی چەند ناوچەیەکی ئەمنی لەسەر سنوور، لەوانە ناوچەیەکی ئارام کە تەنیا هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێ بێت، لەگەڵ رێکخستنی کەرتی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سووریا.
سەبارەت بە هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زهور، شەیبانی رایگەیاند، ئیسرائیل بە بیانووی جێگیربوونی هێزی تورکی بنکەکەی بۆردوومان کردووە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر پەیامی فەرمیی پێگەیشتبوو کە هیچ هێزێکی تورکی لەوێ جێگیر ناکرێت.
وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە کردەوە و گوتی: "سووریا بۆ راهێنانی سەربازی و هاوکاریی بەرگری پشت بە تورکیا، ئوردن و سعوودیە دەبەستێت. تورکیا ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ پشتیوانیکردنی گەلی سووریا لەم بوارەدا، ئێمە سوپاسیان دەکەین و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەم هاوکارییە نابین."
شەیبانی سەبارەت بە پرسی بەرزاییەکانی جۆلان رایگەیاند: "ئێستا تەواوی سەرنجی ئێمە لەسەر راگرتنی هێرش و دەستدرێژییەکانە وەک هەنگاوی یەکەم؛ دواتر لە قۆناخەکانی داهاتوودا پرسی ئاشتیی هەمیشەیی و کشانەوەی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان دەخرێتە بەرباس."