لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی پێنج کەس بوونە قوربانی

ئەندازیارێک گیانی لەدەستدا و چوار کرێکار بریندار بوون

سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نوێترین زانیاریی لەسەر رووداوەکەی شاری سلێمانی خستەڕوو و رایگەیاند، لە کاتی هەڵکەندنی حەفر لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی کوێستان، دیوارێک بەسەر پێنج کەسدا رووخاوە و لە ئەنجامدا ئەندازیاری پڕۆژەکە گیانی لەدەستداوە و سێ کرێکاریش بریندار بوون.

یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، عوسمان زیندانی، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم پەیمانگای پزیشکی دادوەریی سلێمانی، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد.

سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران گوتی: ئاگادار کراینەوە کە لە گەڕەکی کوێستان لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون کە لەلایەن کۆمپانیاییەکی ئەهلییەوە جێبەجێ دەکرێت، لە کاتی کارکردن و هەڵکەندنی حەفرێکدا، دیوارێک بەسەر پێنج کەسدا ڕووخاوە کە پێکهاتبوون لە ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە و چوار کرێکار.

بەپێی نوێترین زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی سەندیکای کرێکاران ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە کە خەڵکی قەزای دەربەندیخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لەژێر داروپەردووی دیوارەکەدا دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

هاوکات سێ لە کرێکارە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاریی شار لە سلێمانی کراون و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و کرێکارێکی دیکە بێ زیان لەژێر داروپەردووەکە رزگاری بووە و پێویستی بە مانەوە لە نەخۆشخانە نەبووە.