سیروان بارزانی: کێشەی کۆڕەک دارایی نییە

سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ئاشکرای دەکات، ئەو رێکار و فشارانەی لەلایەن دەستەی پەیوەندییەکانی عێراقەوە لەسەر کۆڕەک پەیڕەو دەکرێن سیاسیین نەک دارایی، جەختیش دەکاتەوە بەپێی دواین بڕیاری دادگا دەبێت بنکەکانی کۆڕەک لە عێراق بکرێنەوە و کۆمپانیاکە لە خزمەتگوزارییەکان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 19:00ـی کوردستان24 رایگەیاند "لە هیچ شوێنێکی دنیادا نەبووە کۆمپانیایەکی پەیوەندییەکان کە هێڵی پەیوەندیی ملیۆنان کەسی بەدەستەوە بێت دابخرێت؛ ئەوەی دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق بەرامبەر کۆڕەک دەیکات زوڵمێکی روونە و بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە."

خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم گوتیشی "کێشەی بەرامبەر کۆڕەک کێشەی دارایی نییە، بەڵکو عێراق خۆی قەرزاری ئێمەیە. بابەتەکە بە تەواوی سیاسییە و دەسەڵاتی باڵای یاسایی عێراقیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە یاسا لە بەرژەوەندی کۆڕەک بڕیار دەدات چونکە ماف لەلای ئێمەیە، بەڵام بڕیارەکان ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە." ئاماژەی بەوەش دا، ناچنە ژێر باری ئەو فشارە سیاسییانە چونکە داواکارییەکان رەوا نین و دەستەی پەیوەندییەکان هەر رۆژە و بیانوویەک دەگرێت بۆ ئەوەی ئیرادەیان تەسلیم ببێت.

سیروان بارزانی تیشکی خۆستە سەر پێشێلکاری و جیاکارییەکانی دەستەی پەیوەندییەکان و رایگەیاند "لە هیچ شوێنێکی جیهان نەبووە کۆمپانیایەکی پەیوەندی دوو کۆدی هەبێت، بەڵام لە عێراق کۆمپانیا هەیە دوو کۆدی هەیە. تەنانەت بەڕێوەبەرێکی گشتیی دەستەی پەیوەندییەکان بە ئاشکرا رێکلام بۆ کۆمپانیای دیکە دەکات." هەروەها باسی لەوە کرد لە کابینەی پێشووی راوێژکارانی سوودانی لێژنە پێکهێنرا و لە کۆتاییدا بڕیارەکە لە بەرژەوەندی کۆڕەک تیلیکۆم دەرچوو.

دەربارەی ژمارەی هاوبەشانی کۆڕەک و زەرەرمەندبوونیان، سیروان بارزانی روونی کردەوە "پێش بڕیارەکانی بەغدا زیاتر لە حەوت ملیۆن هاوبەشمان هەبوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو هاوبەشمان هەیە کە 85%ـیان لە هەرێمی کوردستانن. لە کاتێکدا کاتێك رێگەیان پێداین لە بەغدا کار بکەین، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا زیاتر لە ملیۆنێک هاوبەشمان تەنیا لە بەغدا هەبوو." ئاشکراشی کرد بەگوێرەی ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ لە دادگاوە دەرچووە، دەبێت بنکەکانی کۆڕەک لە عێراق بکرێنەوە.

لە کۆتاییدا، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم سوپاسی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق کرد کە لەسەر ئەم بڕیارە ناڕەوایانەی دەستەی پەیوەندییەکان هاتنە دەنگ و بەرگرییان لە مافی هاووڵاتییان کرد. هەروەها پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی هاوبەشانی کۆڕەک کرد و گوتی "کۆڕەک تاکە کۆمپانیایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی متمانەی هەیە. هاوبەشەکانمان دڵنیا دەکەینەوە لە کارکردنی بەردەواممان و سوپاسی متمانەیان دەکەین، چونکە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە کۆمپانیایەکی پەیوەندی دابخات."