لە پارێزگایەکی تورکیا هێرشکرایە سەر چەند منداڵێکی کورد

لە ناوچەی ئالاپلی سەر بە پارێزگای زۆنگولداگی تورکیا، هێرشکرایە سەر چەند منداڵێکی کورد، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: هاووڵاتییانی کورد لەم وڵاتەدا بەردەوام رووبەڕووی هێرشی نەتەوەیی دەبنەوە؛ بەڵام دامەزراوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەدا هەمیشە بێدەنگیی هەڵدەبژێرن.

یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، موراد ئێکنجی، پەیامنێری کوردستان24 لە تورکیا، گوتی: لە ناوچەی ئالاپلی سەر بە پارێزگای زۆنگولداگی تورکیا، لە لایەن چەند کەسێکەوە هێرشکرایە سەر چەند منداڵێکی کورد و، ئەو منداڵانە کرێکار بوون.

پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت: ساڵانە هاووڵاتییانی کورد لە تورکیا رووبەڕووی هێرش و توندوتیژیی رێکخراو دەبنەوە، کە زۆربەی جار هۆکارەکەی تەنیا قسەکردن بە زمانی کوردی یان گوێگرتن لە مۆسیقای کوردییە.

ئاماژەی بەوە کرد، ئەم جۆرە هێرشانە رەهەندی نەتەوەییان هەیە و بە هیچ شێوەیەک هاوشێوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی هاووڵاتییانی تورک نین، چونکە هێرشەکان راستەوخۆ ناسنامەی نەتەوەیی کورد دەکەنە ئامانج.

باسی لەوەش کرد، تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی یان سەرکۆنەکردنێک لە لایەن حکوومەت یان بەرپرسانی سیاسیی تورکیاوە سەبارەت بەم هێرشانە نیشان نەدراوە و بێدەنگیی لایەنە فەرمییەکان بەردەوامە. لە بەرامبەردا، تەنیا دەم پارتی لە بارەی رووداوەکە هاتووەتە دەنگ و راگەیەنراوی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا داوای پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی کورد و راگرتنی ئەم جۆرە هێرشە نەتەوەییانە دەکات.

موراد ئێکنجی رایگەیاند: لەبەردەم چاوی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی تورکیادا، هێرش کرایە سەر منداڵە کوردەکان، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هیچ رێکارێکیان بەرانبەر هێرشکاران نەگرتەبەر.

هاوکات هۆشداریی دا کە ئەگەر بەربەست و رێکاری جیددی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بەم هێرشانە نەگیرێتە بەر، ئەم رووداوانە دەبنە هۆی دروستبوونی گرژیی قووڵتر و مەترسیی گەورە لەسەر بنەماکانی مرۆڤایەتی، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتیی نێوان پێکهاتەکان لە تورکیا دروست دەکات.