سێنتکۆم: رێڕەوی 70 کەشتیی بازرگانیمان گۆڕیوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزە دەریایییەکانی وڵاتەکەی بەردەوامن لە جێبەجێکردنی گەمارۆی توندی دەریایی بۆ سەر ئێران لە دەریای عەرەبدا، و ئاشکرای کرد کە تاوەکو 23ی ئاب، رێڕەوی 70 کەشتیی بازرگانی گۆڕدراوە.
یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دوایین ئامار و پەرەسەندنەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزە دەریایییەکانی لە دەریای عەرەب دژ بە هەناردە و بازرگانیی دەریاییی ئێران بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەکەی سێنتکۆم، لە چوارچێوەی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا تاوەکو 23ی ئاب: رێگری لە 70 کەشتیی بازرگانی کراوە و ئاڕاستەی جووڵەکەیان بە زۆر گۆڕدراوە؛ 3 کەشتیی بازرگانی لەکارخراون و لە توانای جووڵە پەکخراون بەهۆی پابەندنەبوونیان بە بڕیارەکان و هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا چوونەتە سەر 2 کەشتیی دیکە و پشکنینی وردیان بۆ ئەنجامداون تا دڵنیاببنەوە لەوەی هیچ کەلوپەل و نەوتێکی قەدەغەکراوی پەیوەندیدار بە ئێران ناگوازنەوە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە کەشتیی جەنگیی (USS John Finn - DDG 113) لە دەریای عەرەبدا جێگیر کراوە و لە ئەرکی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا بەردەوامە.