کرێملن: پووتین و ترەمپ لە لووتکەی ئاپێک کۆدەبنەوە ئەگەر هەردوولا بەشدار بن
راوێژکاری سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، ئەگەر هەریەکە لە ترەمپ و پووتن بەشداری لە لووتکەی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن بکەن کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەم لە چین بەڕێوەبچێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە چاویان بە یەکتر دەکەوێت و گفتوگۆ دەکەن.
یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، یوری ئۆشاکۆڤ، یاریدەدەر و راوێژکاری باڵای سەرۆکی رووسیا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی سپۆتنیک، پێشبینییەکانی مۆسکۆی بۆ ئەگەری دیداری راستەوخۆی نێوان سەرکردەی هەردوو زلهێزەکە لە خاکی چین ئاشکرا کرد.
ئۆشاکۆڤ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: هێشتا کاتێکی زۆرمان لەبەردەمدایە پێش بەڕێوەچوونی لووتکەی لووتکەی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن (ئاپێک - APEC) کە نزیکەی سێ مانگی ماوە، بەڵام ئەگەر سەرکردەی هەردوو وڵات ئامادەی، بە دڵنیایەوە چاویان بە یەکتر دەکەوێت و پێکەوە قسە دەکەن."
راوێژکارەکەی کرێملن روونیشیکردەوە، تا ئێستا هیچ ئاماژە و پێشوەختەیەکی فەرمی بۆ ئەم دیدارە نییە و گوتی: "پێویستە چاوەڕێی ئەو کاتە بکەین، چونکە پێش گەیشتن بە لووتکەی ئاپێک چەندین بۆنە و کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی زۆر گەورەمان لەپێشە."
سەرەڕای ئاڵۆزی و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان، کەناڵەکانی پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان مۆسکۆ و واشنتن بە کراوەیی ماونەتەوە، لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە و لە دوای دەستبەکاربوونەوەی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، هەردوو سەرۆک 14 پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە؛ کە 10 پەیوەندییان لە ساڵی 2025 و 4 پەیوەندیش لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە بووە.
سەرۆکانی رووسیا و ئەمریکا پێشتریش دیداری راستەوخۆی دووقۆڵییان لە ویلایەتی ئالاسکا ئەنجامداوە و لە 4ی تەممووزی رابردوودا کۆشکی کرێملن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرنگی نێوان پووتین و ترەمپی ڕاگەیاند کە ماوەی یەک کاتژمێر و 25 خولەکی خایاندبوو.
لووتکەی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) لە چین، وەک یەکێک لە گرنگترین وێستگە نێودەوڵەتییەکانی کۆتاییی ئەمساڵ دادەنرێت. چاودێران پێیان وایە بەشداریکردنی پووتین و ترەمپ لەم لووتکەیەدا دەتوانێت دەروازەیەکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی گرژییە جیهانییەکان و تاوتوێکردنی پرسە هەستیارەکانی جەنگی ئۆکرانیا، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەقامگیریی ئابووریی جیهان بکاتەوە.