نووری مالیکی: سەروەریی یاسا و کۆنترۆڵکردنی چەک ئەولەویەتی قۆناخی داهاتوون

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە کۆبوونەوەیەکەدا لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان لە ناو پەرلەمانی عێراق کردەوە بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا.

یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، پێشوازی لە شاندێکی فراکسیۆنی بەیانی نیشتمانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و شایستە دەستووری و سیاسییەکانی داهاتوو تاوتوێ کران.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە کۆبوونەوەکەدا گرنگترین دۆسیە سیاسییەکان خرانە ڕوو، بە تایبەت دۆزینەوەی رێگاکانی بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان هێزە نیشتمانییەکان، بەو ئاراستەیەی کە یارمەتیدەر بێت لە یەکخستنی هەڵوێستەکان و پاراستنی سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا.

هاوکات، هەردوولا باسیان لە دۆسیەکانی پەیوەست بە ئاسایشی دەوڵەت، سنووردارکردنی چەک لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکان و چەسپاندنی سەروەریی یاسا کرد. جیا لە لایەنی ئەمنی، پێشهات و ئاڵنگارییە ئابووری و داراییەکانیش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون، کە تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی گرتنەبەری چارەی گونجاو بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی، باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی هاووڵاتییان کرایەوە.

هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگی لە نێوان هێزە سیاسییەکان لە ناو پەرلەمانی عێراقدا گرنگییەکی زۆری هەیە، بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی لەبەرچاو بگیرێت و دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بە گیانی بەرپرسیارێتی و لێکتێگەیشتن چارە بکرێن، بە شێوازێک کە یەکپارچەیی عێراق بپارێزێت.

لای خۆیەوە، نووری مالیکی جەختی لە گرنگیی هاودەنگیی هێزە نیشتمانییەکان لەم قۆناخەدا کردەوە و داوای کرد لە هەر جۆرە گرژی و ناکۆکییەک دوور بکەونەوە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی سیاسی دروست دەکات، هەروەها دەستوور و یاساکان بکرێنە بنەما بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە نیشتمانییەکان.