رووسیا باڵیۆزەکەی لە بەریتانیا کشاندەوە
حکوومەتی رووسیا باڵیۆزی خۆی لە بەریتانیا کشاندەوە و رایگەیاند، پێویستە لەندەن پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا بکات. کشانەوەی باڵیۆزەکە بەبێ دیاریکردنی هیچ شوێنگرەوەیەک، نیگەرانیی قووڵی لەسەر داڕمانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە.
یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، باڵیۆزخانەی رووسیا لە لەندەن پشتڕاستیکردەوە، ئەندرێ کیڵین، باڵیۆزی مۆسکۆ لە بەریتانیا کە لە ساڵی 2019ەوە لە پۆستەکەیدا بوو، پۆستەکەی بەجێهێشتووە بەبێ ئەوەی هیچ کاندیدێکی نوێ پێشکەشی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بکرێت، و ئێستا باڵیۆزخانەکە لەلایەن هەڵسوڕێنەری کارەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.
گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی رووسیا لە لەندەن بە رۆژنامەکەی رایگەیاند: "کیڵین هەوڵی زۆری دا بۆ پاراستنی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ لەندەن، بەڵام حکوومەتی بەریتانیا ڕێگەی ململانێ و رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژارد. پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و بەریتانیا لە تەواوی بوارەکاندا بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی خۆیان دابەزیون، کە ئەمەش بە تەواوی بەهۆی دەستپێشخەری و سیاسەتە دوژمنکارانەکانی لەندەنەوە بووە."
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کشانەوەی باڵیۆز بەو هیوایە بووە کە لەندەن پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا بکات بەرامبەر مۆسکۆ تاوەکو لە داهاتوودا دیالۆگێکی بنیاتنەرانە بێتە کایەوە.
ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییەی مۆسکۆ هاوکاتە لەگەڵ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی بەریتانیا لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە بۆ ئەنجامدانی هێرش لەناو قووڵایی خاکی رووسیادا. مۆسکۆ هۆشداری دا، لەندەن باجێکی قورس دەدات و رایگەیاند: "ئەو راپۆرتانەی باس لە بەکارهێنانی درۆنی بەریتانی دەکەن لەلایەن کیێڤەوە، دەیسەلمێنن کە لەندەن بە ئەنقەست گرەو لەسەر فراوانکردنی جەنگ دەکات لە کاتێکدا بە دووڕوویی بانگەشەی ئاشتی دەکات."
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا کشانەوەی باڵیۆزی بە بابەتێکی ناوخۆییی پەیوەندیدار بە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا وەسف کرد و جەختی کردەوە: "باڵیۆز و باڵیۆزخانەی ئێمە لە مۆسکۆ بەردەوام دەبن لە پەیوەندی و گەیاندنی نیگەرانییەکانمان بە حکوومەتی رووسیا. ئێمە وەک هەمیشە شانی بەشانی ئۆکرانیا دەوەستین کە مافی تەواوی خۆیەتی بەرگری لە خاک و سەروەریی خۆی بکات بەرامبەر داگیرکارییە نایاسایییەکەی رووسیا."
کشانەوەی باڵیۆز لە کایەی دیپلۆماسیدا بە هەنگاوێکی فەرمیی توند دادەنرێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی پێش پچڕانی تەواوەتیی پەیوەندییەکان. ئەم گرژییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە رۆژنامەی تەلەگراف لە راپۆرتێکی لێکۆڵینەوەیدا ئاشکرای کردووە کە ڕووسیا 10 بنکەی نهێنیی نوێی بۆ هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا دروستکردووە، ئەمەش مەترسیی فراوانبوونی رووبەڕووبوونەوەی نێوان مۆسکۆ و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر دەکات.