هاوڕێ کەمال: گفتوگۆ لەبارەی پلەی بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین
راوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ی هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە کە تێیدا سەرجەم شایستە دارایییەکانی مووچەخۆران، خانەنشینان و تەرخانی دارایی بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی دیاریکراوە.
یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، هاوڕێ کەمال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، سەرنجی خستە سەر دوایین ئامادەکارییە دارایییەکان، پرسی مووچەی مانگی ئاب، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی و چاکسازییە بانکییەکان.
هاوڕێ کەمال رایگەیاند، ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئاب بووەتە پرۆسەیەکی رۆتینیی ئاسایی و لە ڕێگەی سیستەمی دیجیتاڵیی (Payroll) بە شێوازێکی سیستماتیک و بێ کێشە لە وادەی خۆیدا رەوانەی وەزارەتی داراییی فیدراڵ کراوە، و کۆسپە دارایییەکانی رابردوو چارەسەر کراون.
راوێژکاری وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد: "لیژنەیەکی باڵا بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2027 پێکهێنراوە. ئێمە هەموو داتا و ژمارەی وەزارەتەکانمان وەرگرتووە و ئەو بڕە پارەیەی پێویستە بۆ مووچەی بنەڕەتی، دەرماڵەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی دیاریکراوە، و نووسراومان ئاراستەی بەغدا کردووە تا لە نزیکترین کاتدا کۆبوونەوەی هاوبەش بۆ جێگیرکردنی لەناو پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ ئەنجام بدرێت."
سەبارەت بە شێوازی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، د. هاوڕێ کەمال گوتی: پرسی خەرجیی راستەقینە کارەساتە و لە ساڵی 2014ەوە وەک گەمارۆیەکی ئابووری بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنرا تا هاووڵاتیی کورد وەک پلە دوو سەیر بکرێت. لە سیستەمی فیدراڵیدا دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی ژمارەی دانیشتووان و ئەنجامی سەرژمێری دیاری بکرێت و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە ناوچە جیاوازەکاندا نەکەوێتە مەترسییەوە. هەولێر بە هیچ جۆرێک ناکەوێتە ناو ئەو گەمە سیاسییەی کە لە بەغدا لە رێگەی خەرجیی راستەقینەوە پەیڕەو دەکرێت."
راوێژکاری وەزارەتی دارایی جەختی کردەوە، لە رەشنووسی بودجەدا داواکاریی دامەزراندن و دابینکردنی پلەی وەزیفی بۆ سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان و بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە چوارچێوەی پاکێجێکی گشتیدا جێگیر کراوە، و روونی کردەوە بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان ئاسانترە چونکە پێشتر لەسەر میلاک مووچەیان هەبووە و تەنیا پێویستیان بە دەرماڵەی نوێیە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، هاوڕێ کەمال سەرنجی خستە سەر دۆسیەی بانکی و ئاماژەی دا، بانکی نیشتمان، کۆمپانیایەکی گشتییە بە خاوەندارێتیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و مۆڵەتی فەرمیی لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە. توانای ئەنجامدانی مامەڵەی نێودەوڵەتی، حەواڵە، پەیڕەوکردنی سیستەمی سوویفت و کارتی متمانەی هەیە. لە 9 لق لە سەرتاسەری شار و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدێت و پێشنیاز کراوە لقی لە بەغدا و کەرکووکیش هەبێت.
راوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، باس لە بڕین یان دەستبەسەرداگرتنی مووچە دەکەن لە پڕۆژەی هەژماری مندا، و گوتی: "دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە مووچە تەنیا لە رێگەی فەرمانی دادگا و بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردن دەبێت کاتێک فەرمانبەرەکە قەرزداری کەسێک بێت، ئەمەش یاسایەکی 100 ساڵەی عێراقە و هیچ پەیوەندییەکی بە سیستەمی هەژماری من و پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەوە نییە."