کێڵگەی خەبازە گازی ژەهراوی لێچووە و داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە

بەهۆی لێچوونی گازی ژەهراوی لە یەکێک لە بیرە نەوتییەکانی کێڵگەی خەباز لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەشی سەلامەتی لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەری کێڵگەکە کرد و داوای لێکردن لە ماڵەکانیان بمێننەوە و لێی دوور بکەونەوە.

یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە کوردستان 24ـی راگەیاند، بەشی سەلامەتیی کێڵگەی نەوتی خەباز هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی گوند و ئاوایییەکانی دەوروبەری کێڵگەکە کردووە، دوای ئەوەی لێچوونی گازی ژەهراوی لە بیری ژمارە 46ی کێڵگەکە تۆمار کرا.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور: بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازەکە و دروستبوونی مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستیی گشتی، داوا لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی گوندە نزیکەکان کراوە بە هیچ جۆرێک لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە، مەگەر بۆ حاڵەتی زۆر نائاسایی و فریاگوزاری نەبێت.

هەروەها داوا کراوە هاووڵاتییان و شۆفێران بە هیچ شێوەیەک لە دەوروبەری بیری ژمارە 46 و کێڵگەی خەباز نزیک نەبنەوە تاوەکو دۆخەکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵ دەکرێت

ئێستا تیمەکانی سەلامەتی، بەرگریی شارستانی و ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە شوێنی رووداوەکەن و لە هەوڵێکی چڕ و بەپەلەدان بۆ راگرتنی لێچوونی گازەکە و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دۆخە نائاسایییە، تاوەکو ڕێگری لە تەشەنەسەندنی گازە ژەهراوییەکە و زیانپێگەیشتن بە گیانی هاووڵاتییان و ژینگەی ناوچەکە بکرێت.