ئەعرەجی: بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا لای دەوڵەتە

ئەعرەجی: پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەک دەستپێدەکات

راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، سنووردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بڕیارێکی ستراتیژییە و بڕیاری شەڕ و ئاشتیش تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەتدایە. جەختیشی کردەوە، دەبێت سەروەری عێراق رێزی لێ بگیرێت و رێگە بە هیچ لایەنێک نەدرێت بیبەزێنێت.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، شەڕی دژی رێکخراوی داعش لە رووی سەربازییەوە تا ئاستێکی زۆر کۆتایی هاتووە، هەرچەندە هەندێک مۆڵگەی تیرۆریستی ماون و مەترسییەکە بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە. سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، رایگەیاند؛ 30ـی ئەیلوولی داهاتوو وادەی دەرچوونی هێزە نێودەوڵەتییەکانە لە عێراق، ئەم بەروارەش دەبێتە خاڵی دەستپێکردن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.

راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی روونی کردەوە، پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەک بە شێوەیەکی لەسەرخۆ و پلەبەندی دەبێت، دوور لە هەر ئیستفزازێک. حکوومەت میکانیزم و خشتەیەکی زەمەنی داناوە بۆ جیاکردنەوەی پەیوەندی گرووپە چەکدارەکان لە حزبەکان و رادەستکردنی چەکەکانیان. هەروەها جەختی کردەوە، ئەم چەکانە تەنیا رادەستی دەوڵەت دەکرێن نەک هیچ لایەنێکی دەرەکی.

ئەعرەجی باسی لەوە کرد، تەباییەکی سیاسی فراوان هەیە بۆ پشتگیریکردنی دەوڵەت لەم هەنگاوەدا. ئاشکرای کرد، ئێستا حکوومەت بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ پێنج گرووپی چەکدار (نوجەبا، کەتائیبی سەیدولشوهەدا، کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، سەرایا ئەولیا دەم، و ئەسحابولکەهف) بۆ ئەوەی چەکەکانیان رادەست بکەن.

لە لایەکی دیکەوە، سێ گرووپی گەورەی چەکدار پێشتر چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت کردووە و چوونەتە ناو کاری مەدەنییەوە، ئەوانیش؛ سەرایا سەلام بە رێبەرایەتی موقتەدا سەدر، عەسائیب ئەهلولحەق، کەتائیبی ئیمام عەلی بە سەرۆکایەتی شبل زەیدی.

لە کۆتاییدا ئەعرەجی دڵنیایی دا، دەوڵەت توانای جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیەی هەیە و پێشبینی ناکات بەهۆی ئەم پرسەوە هیچ قەیرانێکی سیاسی لە وڵاتدا دروست ببێت.