ئێران هۆشداری لە بێدەنگیی جیهان بەرامبەر هێرشی ئەتۆمی دەدات

کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە رووسیا، رایگەیاند؛ هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و بێدەنگیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، زیانێکی گەورەی بە سیستەمی جیهانیی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی گەیاندووە و بەرەو لاوازبوونی بردووە.

جەلالی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی نۆڤۆستی رووسیا گوتی: "بەداخەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەرکۆنەی ئەم هێرشانەی نەکردووە. ئێمە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە توندی نیگەرانین لەوەی سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بەرەو لاوازی بچێت."

باڵیۆزەکەی ئێران ئاماژەی کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دوو هێزی خاوەن چەکی ئەتۆمی، هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی وڵاتێکی نائەتۆمی کە سەرجەم چالاکییەکانی لەژێر چاودێری و گەرەنتییە نێودەوڵەتییەکاندا بووە.

شایەنی باسە، لە میانی ململانێکانی مانگی حوزەیرانی 2025، ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر چەند دامەزراوەیەکی ئەتۆمی ئێران. هەروەها لە دوایین پەرەسەندنی سەربازیدا کە لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026 دەستیپێکرد، جارێکی دیکەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە کرانەوە ئامانج، تاران تێیدا واشنتنی بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کرد.