وەزیری دەرەوەی عومان سەردانی تاران دەکات
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران, رایگەیاند؛ بەدر ئەبوسەیدی وەزیری دەرەوەی سوڵتان نشینی عومان، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە تاران.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند؛ بڕیارە سەردانەکەی بەدر ئەبوسەیدی سبەی سێشەممە ئەنجام بدرێت. لەم سەردانەدا، وەزیری دەرەوەی عومان لەگەڵ عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانییەکەی کۆدەبێتەوە و پێکەوە تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە گرنگەکانی ناوچەکە دەکەن.
بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و عومان و بەردەوامبوونی راوێژە سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدایە. هەروەها جەختی کردەوە، وەک دوو وڵاتی کەناراوەکانی گەرووی هورمز، ئەم جۆرە دیدار و گفتوگۆیانە گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
عومان وەک ناوەندێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە نێوەندگیرێکی سەرەکی بووە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن. دوای داخرانی گەرووی هورمز لە شوباتی 2026 و پەککەوتنی 20٪ی نەوتی جیهان، ئێستا مەسقەت هەوڵدەدات لە رێگەی رەشنووسی رێککەوتنێکی نوێوە گەرووەکە بەڕووی کەشتیوانیدا بکاتەوە، بە شێوەیەک تێیدا لە بەرامبەر ئاسایش و ئاسانکارییە دەریاییەکان، فشارە سەربازی و ئابوورییەکانی سەر ئێران کەم بکرێنەوە.