لە سلێمانی گاز بۆ وەرزی زستان هەڵدەگیرێت
پرۆسەی دابەشکردنی گازی ماڵان لە سلێمانی بەردەوامە و لێژنەی هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بڕیاری داوە بەشێک لە گازی بەرهەمهێنراو بۆ وەرزی زستان پاشەکەوت بکات.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لێژنەی هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی گازی ماڵان بە فۆڕم بەشێوەیەکی رێکخراو بەڕێوەدەچێت و رێگری لە دروستبوونی قەیرانی گاز کراوە.
سەبارەت بە میکانیزمی نوێی دابەشکردن، بابان ئەحمەد گوتی: "لەمەودوا هەر خێزانێک مانگانە سێ بوتڵ گازی پێدەدرێت و نرخی هەر بوتڵێکیش 8500 دینار دیاری کراوە."
ئەو بەرپرسە سەبارەت بە هۆکاری بڕیاری پاشەکەوتکردنی غاز بۆ وەرزی زستان روونیکردەوە، ئێستا رۆژانە لە سەنتەری سلێمانی نزیکەی 7 هەزار بوتڵ گاز دابەش دەکرێت، بەڵام لە وەرزی زستاندا خواست و پێداویستی هاووڵاتییان بۆ گاز بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و دەگاتە نزیکەی 20 هەزار بوتڵ.
بابان ئەحمەد جەختیکردەوە، بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە قەیرانێک لە کاتی هاتنی شەپۆلی سەرمادا، لە ئێستاوە ئامادەکاری پێویست کراوە و بڕێک لە گازی بەرهەمهێنراو بۆ ئەو وەرزە هەڵدەگیرێت.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا 22 کارگەی بەرهەمهێنانی گازی ماڵان هەن کە رۆژانە بە شێوەیەکی بەردەوام پێداویستییەکانی دانیشتووانی سنوورەکە پڕدەکەنەوە.