بەهۆی هەرەسی زبڵخانەیەک لە پایتەختی گینیا 30 کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی بارانی بەخوڕ و هەرەس‌هێنانی کێوێکی دەستکردی زبڵ و خاشاک لە کۆناکریی پایتەختی گینیا، لانی کەم 30 کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین خانوو و کەپر و کوخی هاووڵاتییان لەژێر پاشماوەکاندا ون بوون، تیمەکانی فریاگوزاریش لە گەڕان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان.

حکوومەتی ناوەندی گینیا رایگەیاند، کێوێکی گەورەی زبڵ و خاشاک لە گەورەترین مەڵبەندی کۆکردنەوەی پاشماوەکان لە کۆناکریی پایتەخت هەرەسی هێناوە. بەرپرسانی ناوخۆیی ئاماژە بەوە دەدەن کە بارانی بەخوڕ کە لە کاتژمێر 2:00ـی شەو دەستی پێکردووە، بووەتە هۆی راماڵینی زبڵەکان لە ناوچەی "دارولسەلام" و دروستبوونی هەرەسێکی گەورەی زەوی کە بەهۆیەوە چەندین کوخی دەوروبەری ژێرخاک کەوتوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 30 کەس پشتڕاستکراوەتەوە و شەش کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون. عەقید باڵدی مامادۆ پایلۆ، ئەفسەری تەندروستی لە کەتائیبی ئەندازیاریی سەربازی رایگەیاند، بڕیار وابوو ئەو شوێنە کە گەورەترین زبڵخانەی کراوەی شارەکەیە، هەر رۆژی یەکشەممە بە یەکجاری دابخرێت، بەڵام کارەساتەکە پێش بڕیارەکە کەوت.

حکوومەتی گینیا ئاشکرای کرد، پێشتر ئاگادارییان دابووە ئەو دانیشتووانەی لە دەوروبەری زبڵخانەکە دەژین ناوچەکە چۆڵ بکەن، و زۆرێکیشیان چۆڵیان کردبوو، بەڵام ژمارەیەکی زۆری دیکە لە کاتی رووداوەکەدا لەوێ مابوونەوە. لەو بارەیەوە، دینا بو توری، وەزیری کارگێڕی ناوخۆیی لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند: "رێکاری پێویست دەگرینە بەر بۆ گواستنەوەی ئەو خێزانانەی کە لە ناوچەکەدا ماونەتەوە بۆ شوێنێکی ئارام."

وڵاتی گینیا سەرەڕای ئەوەی دەوڵەمەندە بە کانزاکان و خاوەنی گەورەترین یەدەگی بۆکسیتە لە جیهاندا، هاوکات خاوەنی بڕێکی زۆر لە ئاڵتوون و ئەڵماس و ئاسنە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، 43.7%ـی دانیشتووانەکەی لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.