149 شوێنەواری مێژوویی ئێران زیانیان پێگەیشتووە
وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری ئێران ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەم جەنگەی دواییەوە 149 شوێنەواری مێژوویی وڵاتەکەیان زیانیان پێگەیشتووە و تێچووی نۆژەنکردنەوەکەیان بە 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
سەید رەزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئەم جەنگەی دواییەوە 149 شوێنەواری مێژوویی ئێران زیانیان پێگەیشتووە، لەو ژمارەیەش پێنج شوێن لە لیستی جیهانیدا تۆمار کراون و رێژەی زیانەکان بەپێی هەڵسەنگاندنەکان لەنێوان 10 بۆ 90%ـدان.
رەزا ساڵحی ئەمیری روونیکردەوە "ئێران سکاڵایەکی لە یونسکۆ و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان تۆمار کردووە بەمەبەستی بە تاوانباری جەنگ ناساندنی پەلاماردەران و دادگاییکردنیان"، ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختیشی کردەوە، دوای کۆتاییهاتنی جەنگ پرۆسەی نۆژەنکردنەوە دەست پێدەکات و تێچووی زیانە ئابوورییەکانیش بە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە کراوە.
لێدوانەکانی ئەو وەزیرەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی گەشتوگوزاری وڵاتانی ئەندام لە بریکس لە هیندستان بوو، روونیشیکردەوە، ئێران لەو جەنگانەی بەسەریدا سەپێنراون بەهێزتر دەرچووە و جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوونی ئەمریکییەکان بە رێککەوتنە 14 خاڵیەکە کردەوە، هەروەها دووپاتیکردەوە ئێران بەردەوام دەبێت لە بەرگری و پاراستنی هاووڵاتیانی.
سەبارەت بە رێککارەکانی گەرووی هورمز، وەزیرەکەی رۆشنبیریی و گەشتوگوزاری ئێران رایگەیاند، ئەو دۆسیەیە لە رێگەی وەزارەتەکانی دەرەوەی ئێران و عومانەوە بەڕێوەدەچێت و رەتی کردەوە لێدوانێکی فەرمیی لەو بارەیەوە بدات، ئەو جەختی کردەوە، ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی ئاشتییەکی سەربەرزانە دەدات کە بەرژەوەندییەکانی گەرەنتی بکات و ملکەچی هەڕەشەی دوژمنان نابێت.
رەزا ساڵحی ئەمیری سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی رایگەیاند، تاران سەرنج دەخاتە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییە شارستانییەکان لەگەڵ هیندستان، چالاککردنی تواناکانی بریکس، پەرەپێدانی دیپلۆماسیی گەشتیاری و کولتووری، هەروەها دامەزراندنی سندوقی دارایی هاوبەش بۆ پاراستنی شوێنەوار و کولتووری لە ململانێکان.
سەبارەت بە گرنگیی بڕیکس، وەزیرەکە گرنگی ستراتیژیی ئەو کۆمەڵەیەی بە گەش وەسف کرد و جەختی کردەوە، ئێران بڕیاری داوە بریکس بکاتە رێکخراوێکی کاریگەر و بە هەموو توانایەوە لەو گرووپەدا بەشدار دەبێت.
لە بارەی پەیوەندی تاران و نیودەلهی، رەزا ساڵحی گوتی، هەردوو وڵات پەیوەندییەکی مێژوویی، کولتووری و شارستانیی قووڵیان هەیە و داوای فراوانکردنی هاوکاریی نێوانیانی کرد لە بوارەکانی گەشتیاری، شوێنەوار و پیشەسازییە دەستییەکان.
بە گوتەی وەزیری رۆشنبیری ئێران، بریکس خاوەنی ئابوورییەکی گەورەیە کە نیوەی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن. ئەوەشی خستە روو، سەرۆکی ئێران لە لوتکەی ئەمساڵی بریکس بەشدار دەبێت.