زیاتر لە 120 خێزانی نێو کەمپی ئێسیا دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان

دوای 12 ساڵ لە ئاوارەیی، ئەمڕۆ 126 خێزانی دیکەی نیشتەجێی کەمپی ئێسیا لە سنووری قەزای شێخان، لاپەڕەی ئاوارەبوونیان داخست و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەرەو ناوچە جیاجیاکانی شنگال بەڕێکەوتن.

رۆژی دووشەممە، 24ی ئابی 2026، دەرمان باعەدری، پەیامنێری کوردستان24 لە کەمپی ئێسیای سنووری قەزای شێخان رایگەیاند، ئەمڕۆ 126 خێزانی ئاوارەی شنگال کە لەو کەمپە نیشتەجێ بوون، خۆیان ئامادە کردووە بۆ گەڕانەوە. پڕۆسەکە لە رێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی و رێکخراوی "IOM" و بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک جێبەجێ دەکرێت.

هەڤگەر ئیحسان ئامێدی، بەڕێوەبەری کەمپەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمە گەڕی دووەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەمپەکەیە و 126 خێزان لەخۆ دەگرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو خێزانانە تەنیا بۆ یەک شوێن ناچنەوە، بەڵکو بەسەر چەندین ناوچە و کۆمەڵگەی جیاوازی شنگالدا دابەش دەبن. گوتیشی، ئەم گەڕانەوەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی "IOM" و دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، کە یارمەتیی داراییان پێشکەش بە خێزانەکان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن تێچووی گواستنەوەکەیان دابین بکەن.

هەڤگەر ئیحسان ئامێدی ئاشکراشی کرد، تاوەکو ئێستا 1815 خێزان لە ناو کەمپەکەدا ماونەتەوە. روونیشیکردەوە کە تا ئێستا هیچ قەرەبوویەک لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە بۆ ئەم ئاوارانە نەکراوە، تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی "IOM" نەبێت، کە بۆ هەر خێزانێک بڕی ملیۆنێک و 558 هەزار دیناریان وەک خەرجی گواستنەوەی کەلوپەلەکانیان پێداون بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لەلایەکی دیکەوە سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە چوارچێوەی پڕۆگرامێکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، تا ئێستا چەندین خێزان گەڕاونەتەوە شنگال".

سروە رەسووڵ روونیکردەوە، سەرەڕای بەردەوامیی ئەو پڕۆگرامە، سەدان خێزان ناچار بوون کۆچی پێچەوانە بکەن و بگەڕێنەوە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ، گەڕانەوەی ئەو خێزانانە بۆ کەمپەکان بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کەمیی خزمەتگوزاری، وەرنەگرتنی قەرەبوو و نائارامیی دۆخی ئەمنیی شنگال بووە.

بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان روونیکردەوە: "ئەمساڵ 500 خێزان ناوی خۆیان تۆمار کردبوو بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال، بەڵام زۆربەیان بەهۆی خراپیی دۆخەکەوە پەشیمان بوونەتەوە و بڕیاریانداوە لەنێو کەمپەکان بمێننەوە".