یەکێتیی ئەوروپا زیاتر لە 6 ملیار یۆرۆ هاوکاریی ئۆکرانیا دەکات
کۆمیسیۆنی ئەوروپا رەزامەندیی خۆی بۆ تەرخانکردنی 6.1 ملیار یۆرۆ، وەک هاوکاریی دارایی بۆ ئۆکرانیا دەربڕی، ئەو بودجەیە بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی نوێ، لەوانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، مووشەک، تەقەمەنی و ئامێرەکانی رادار تەرخان دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو پاکێجە نوێیەی هاوکارییەکان دەچێتە پاڵ پلانی پێشووی کڕینی چەک بە بەهای 16 ملیار یۆرۆ، کە بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، تا ئێستا 8.35 ملیار یۆرۆی لێ خەرج کراوە.
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە راگەیەندراوەکەدا گوتی "لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی رووسیا، هەوڵەکانمان بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییان و بەرگریکردن لە ئاسمانەکەی چڕ دەکەینەوە"، ئاماژەی بەوەش دا، "ئەوروپا لە پاڵ ئۆکرانیا وەستاوە و هەر شتێکیان پێویست بێت لە هەر کاتێکدا، بۆیان دابین دەکەین."
ئەم هاوکارییانە لە کاتێکدایە، ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا و ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ دووشەممە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی سەربەخۆیی ئۆکرانیا گەیشتنە کیێڤ، ئەندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا گەیشتنی ئەو بەرپرسانەی پشتڕاست کردەوە.
سیبیها لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس، لیستی ئەو کەسایەتییە سیاسییانەی سەردانی کیێڤیان کردووە، بلاوکردەوە کە پێکهاتوون لە، لوک فریدن، سەرۆکوەزیرانی لوکسمبورگ، مایا ساندو، سەرۆکی مۆڵدۆڤا و ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا وێنەی گەیشتنی ئەو بەرپرسانەی بۆ وێستگەی شەمەندەفەری کیێڤ داناوە.