زەیدی: حکوومەتی عێراق رێگە نادات خاکەکەی ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە
سەرۆکوەزیرانی عێراق کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکەی دیاری کرد و جەختی لەوە کردەوە، بەغدا رێگە نادات خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ.) رایگەیاند، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە بەڵێنیانداوە کار بۆ پتەوکردنی عێراقێکی خاوەن سەروەریی تەواو بکەن. هەروەها ئاماژەی بە بەرنامەی حکوومەتەکەی دا بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دامەزراندنی دامەزراوە ئەمنییەکان لە ژێر چەتری دەستووردا.
سەبارەت بە پرسی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "لە 30ی ئەیلوولی داهاتوودا کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەبێت لە عێراق، بەمەش عێراقییەکان سەروەریی فەرمیی خۆیان بەسەر تەواوی خاکی نیشتماندا رادەگەیەنن".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە، عێراق نابێت ببێتە وێستگەیەک بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دیکە.
هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی دەسەڵاتی باڵای ئایینی و سەرجەم دامەزراوە ئایینییەکان کرد بۆ ئەو رێنماییانەی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی عێراق و پاراستنی گەلەکەی و بەهێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
زەیدی تیشکی خستە سەر رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و روونیکردەوە، ناوچەکە چەندین دەیەیە لە ژێر گرژییەکی بەردەوامدا دەژی، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی لێکترازان و لێکتێنەگەیشتن لە تێڕوانینی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا. بۆیە داوای کرد بۆ یەکڕیزی لە هەڵوێست و بڕیارەکاندا سوود لە کەلەپوور و رێبازی گەورەی پێغەمبەری ئیسلام وەربگیرێت.