پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی چەند کەسێکی لە سنووری خەبات راگەیاند
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە رووداوێکی گوندێکی سنووری خەبات بڵاوکردەوە و رایگەیاند، چەند کەسێک بە تۆمەتی دروستکردنی پشێوی دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاویکردەوە، شەوی یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، ژمارەیەک کەس لە گوندی گردەڕەشەی سەر بە خەبات پشێوی و نائارامییان دروستکردبوو. لەپێناو پاراستنی ئاسایش و رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە سەروماڵی هاووڵاتیان و کەرتی گشتی، هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بە فەرمانی دادوەر، ئەو کەسانەی دەستیان لە دروستکردنی ئەو پشێوییە هەبوو، راگیران.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێکی دیکە دەگیرێتە بەر کە بەشدار بووبێت لەو رووداوەدا.
پۆلیسی هەولێر هاووڵاتیانی ئاگادار کردووەتەوە، رێگا نادرێت هیچ کەسێک ئاسایش و دۆخی ئارامی سنوورەکە تێکبدات. جەختیشی کردووەتەوە، هێزەکانی پۆلیس بەردەوامن لە جێبەجێکردنی یاسا بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتیان.