بەرپرسانی ئێران لەبارەی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان هۆشدارییان داوەتە عێراق

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بە روونی بە بەرپرسانی عێراقیان راگەیاندووە، پێویستە باسی چەکدانانی بەرەی مقاوەمە نەکەن. هاوکات ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەڵوێستی عەلی زەیدیش لەمبارەیەوە وەک جاران توند نییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، ئیسماعیل قائانی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ عێراق بە بەرپرسانی عێراقی گوتووە "ئێمە لەگەڵ چەکدانانی بەرەی مقاوەمە نین، نامانەوێت ئەزموونی لوبنان و سووریا لە عێراق دووبارە ببێتەوە."

دوای ئەو سەردانە، محەمەد باقر قالیباف لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ عێراق هەمان داواکاریی دووپات کردووەتەوە و بە بەرپرسانی عێراقی گوتووە "باسی چەکدانانی بەرەی مقاوەمە نەکەن، چونکە ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو بابەتە نین و پێویستە گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن."

لەلایەکی دیکەوە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی رایگەیاند "ئێستا هەڵوێستی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرامبەر چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان نەرم بووە و وەک جاران توند نییە."

دوێنی یەکشەممە، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی سەرۆکوەزیرانی عێراق، روونیکردەوە، کۆنترۆڵکردنی چەک بڕیارێکی ستراتیژیی حکوومەتی عێراقە و بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنیا بەدەستی دەوڵەتە، ئەعرەجی دووپاتیکردەوە، پێویستە هەمووان لەژێر ئاڵای دەوڵەتدا بن و رێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرن، بەجۆرێک رێگە بە هیچ لایەنێک نەدرێت پێشێلی بکات.

سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی پرۆسەی چەکدانان، ئەعرەجی گوتی: پرۆسەکە بە شێوەیەکی قۆناخبەندی و بەدوور لە ورووژاندن دەبێت، ئەعرەجی باسی لەوەش کرد "30ـی ئەیلوول وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە نەک وادەی کۆتاییهاتنی ماوەی رادەستکردنی چەک".

لەبارەی حەشدی شەعبی، ئەعرەجی رایگەیاند، هەمووان لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کۆکن. راشیگەیاند "گرووپەکان دوژمنی دەوڵەت نین، بەڵکو بەشێکن لە دەوڵەت"، ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە هێڵی سوورە و دەوڵەت مسۆگەرکەری مافی ئەوان دەبێت دوای رادەستکردنی چەک، هاوکات دڵنیایی دا کە هیچ قەیرانێکی سیاسی بەهۆی ئەم پرۆسەیەوە دروست نابێت.