لە دهۆک قەڵای نزارکێ دەکرێتە مۆزەخانەی جینۆساید
بەڕێوەبەرایەتیی لاوانی دهۆک رێورەسمێکی بۆ یادکردنەوەی شەهیدکردنی پێنج لاوی بێتاوانی شارەکە لە ساڵی 1983 ساز کرد، هاوکات پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، کار دەکەن بۆ ئەوەی قەڵای نزارکێ بکەنە مۆزەخانەیەکی گشتگیر بۆ ناساندنی هەموو ئەو جینۆسایدانەی بەسەر پێکهاتە جیاوازەکانی سنوورەکەدا هاتوون.
رۆژی دووشەممە، 24ی ئابی 2026، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە رێورەسمی بەبیرهێنانەوەی شەهیدکردنی پێنج لاوی دهۆک لە ساڵی 1983 رایگەیاند، رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 1983، پێنج گەنجی بێتاوان بە زۆر لە قوتابخانە دەرهێنران و لەو شوێنەی کە ئێستا ناوەندی وەرزش و لاوانە، گوللەباران کران. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گەنجانە تەمەنیان لە خوار 25 ساڵ بوو و دووانیشیان تەمەنیان 18 ساڵی تەواو نەکردبوو، رژێمی بەعسیش نەک هەر شەهیدی کردن، بەڵکو پارەی فیشەکەکانیشی لە بنەماڵەکانیان وەرگرتبووەوە و رێگری لێ کردبوون پرسەیان بۆ دابنێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری دهۆک تیشکی خستە سەر پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای نزارکێ و رایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنە بە شێوازە رەسەنەکەی خۆی کارێکی زۆری دەوێت. گوتیشی: "ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین مۆزەخانەی قەڵای نزارکێ ببێتە مۆزەخانەی جینۆساید و تەنیا بۆ ئەنفال نەبێت، بەڵکو ژوورەکانی تەرخان بکرێن بۆ هەموو ئەو جینۆسایدانەی بەسەر پێکهاتەکانی کریستیان و ئێزدی و گوند و ناوچە جیاوازەکاندا هاتوون، لە ساڵی 1933ـوە تاوەکو ئەشکەوتی دەکان و گوندی سوریان."
سەبارەت بە داواکاریی بنەماڵەی شەهیدان، عەلی تەتەر جەختی کردەوە کە پێشنیازەکانیان بە گرنگییەوە وەردەگیرێن، یەکێک لەوانەش گۆڕینی ناوی یاریگای "پیرس"ە بۆ یاریگای "شەهیدان"، کە ئێستا ئەو بابەتە لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دیراسە دەکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت.