ئەمریکا بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حزبوڵڵا؛ سزای بەسەر تۆڕێکی دارایی تورکیدا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 10 کەسدا سەپاند، کە تۆمەتبارن بە گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی و هاوکات حیزبوڵڵاشی وەک رێکخراوێکی راستەوخۆی سەر بە فەیلەقی قودسی ئێران ناساندەوە.

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوە لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 10 کەسدا کە تۆمەتبارن بەوەی سەدان ملیۆن دۆلاری نەختینەیان بۆ حزبوڵڵای لوبنانی گواستووەتەوە.  گواستنەوەی پارەکان لە رێگەی گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکانی نێوان لوبنان، تورکیا، ئیمارات و ئێرانەوە کراوە. 

وەزارەتی گەنجینە روونیکردەوە، تۆڕە 10 کەسییەکە لەلایەن بازرگانێکی تورک بە ناوی "یونس ئاڵپەر یڵماز"ـەوە بەڕێوەدەبرێت.

 باس لەوەش کراوە، ئەو تۆڕە پشت بە چەند کەسێک دەبەستێت بۆ گواستنەوەی نهێنیی پارەی نەختینە لە رێگەی گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکانەوە و بەم شێوەیەش پارەکان لە دەرەوەی سیستمی دارایی فەرمی دەگوازنەوە. ئەم هەنگاوە دراوی بیانی بۆ حزبوڵڵا دابین دەکات و لە هەمان کاتیشدا خۆیان لە سزاکان دەپارێزن.

وەک ئەوەی وەزارەتەکە باسی کردووە، ئەو بازرگانە تورکە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە تورکیا وەک رووکارێک بۆ کارە بازرگانییەکانی بەکاردەهێنێت. هەروەها چەندین کۆمپانیا و هەژماری بانکی بۆ گواستنەوەی پارە تەرخان کردووە بۆ فەیلەقی قودس.

 هاوکارەکانی بازرگانە تورکییەکە بریتین لە (خەلیل ئیبراهیم کاچماز و ئۆندەر دەدە)، کە پارەی نەختینە لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کۆدەکەنەوە. هەروەها (وەسفی ئاکیوز) هەماهەنگیی لۆجستی بۆ گواستنەوەکان دەکات و خۆیشی بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکات. چەند کەسێکی دیکەش بە ناوەکانی (محەممەد ئاکیوز، محەممەد ئاجور، فەیاز کاراساڵح، مەسعود موسافەر، گولای کایا ساڤجی و ئیمڕا ئایاز)، بە نهێنی پارەی نەختینەیان بۆ حیزبوڵڵا لە رێگەی گەشتە ئاسمانییەکانەوە بۆ لوبنان گواستووەتەوە.

یڵماز، کاچماز و دەدە سزادراون بەهۆی پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی، ماددی یان تەکنەلۆجی بۆ فەیلەقی قودس. حەوت کەسەکەی دیکەش بەهۆی پێشکەشکردنی هەمان پاڵپشتیی راستەوخۆ بۆ حیزبوڵڵا سزادراون.

وەزارەتی گەنجینە ئاشکرای کرد، تۆڕەکە پێشتر پەیوەندیی بە بێهنام شەهریاری هەبووە. ئەو بەرپرسێکی دارایی فەیلەقی قودس بوو و ئێستا مردووە، ئەمەش یەکێکە لە رێگەکانی ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە. 

حزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی سوود لە چەندین رێگەی وەک قاچاخیی نەوت، فرۆشتنی کاڵا و گواستنەوەی بڕێکی زۆری پارەی نەختینە وەردەگرن، تێیدا تورکیا دەبێتە خاڵێکی سەرەکی بۆ ئاڵوگۆڕی پارەکە.

جگە لە سزادانی ئەو 10 کەسە، ئەمریکا دووبارە حیزبوڵڵای وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی جیهانی ناساندەوە، ئەمجارە بە پشتبەستن بەو بنەما یاساییەی کۆنترۆڵکردنیان راستەوخۆ لەلایەن فەیلەقی قودسەوەیە. 

ئەم هەنگاوە پاڵپشتییە بۆ ستراتیژیی "رۆژی دی-دەی ئابووری" کە وەزیری گەنجینە سکۆت بیسێنت لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 24ـی ئابی ساڵی 2026 رایگەیاند، بەڵێنیدا تەواوی سەرچاوە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بپچڕێنێت. بەئامانجگرتنی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە تورکیا و ئیمارات و ئێران رێک ئەو جۆرە ژێرخانە داراییە سێبەرەیە ترەمپ وەک ئامانجی سەرەکیی سزاکان دیاریی کردووە.

ئێستا تەواوی موڵک و بەرژەوەندییەکانی ئەو کەسانە لە ناو ئەمریکا یان لەلایەن هاووڵاتییانی ئەمریکاوە سڕ کراون و دەبێت بە نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوە رابگەیەنرێن. قەدەخەیە کەسانی بیانیش مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، بەپێچەوانەوە دامەزراوە داراییە بیانییەکان رووبەڕووی سزای لاوەکی دەبنەوە.

جێگەی سەرنجە حکوومەتی تورکیا تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمیی بۆ سزاکانی وەزارەتی گەنجینە نەبووە، هەرچەندە سزاکان ناوی هاووڵاتییەکی تورکی وەک بەڕێوەبەری تۆڕەکە هێناوە.

 بێدەنگییەکەی ئەنقەرە لە کاتێکدایە ترەمپ هۆشداریی داوە هەر وڵاتێک رێگە بدات دامەزراوە داراییەکانی ببنە سەرچاوەی ژیان بۆ ئێران، رووبەڕووی سزای قورسی ئابووری دەبێتەوە.