سەرۆک بارزانی جەخت لەسەر گرنگیی برایەتی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی عێراق دەکاتەوە

سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین كۆبوویەوە.

بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، دووشەممە 24ی ئابی 2026، لە پیرمام سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین كۆبوویەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان وێڕای پیرۆزباییكردن بە بۆنەی هەشتاساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێزانینیان بۆ رۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە خەباتی و مێژووی گەلی كوردستان و بنیاتنانی عێراقی تازە. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد كە هەرێمی كوردستان لە كاتی پەلاماری تیرۆریستانی داعشدا باوەشی بۆ ئاوارەكان كردەوە و وەك نموونەی باڵای مرۆڤدۆستی و برایەتی و هەست بەبەرپرسیارێتیان ناوزەد كرد.

بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، شاندەکە قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دامودەزگاكانی هەرێمیان لە شەڕی تیرۆریستان و مسۆگەركردنی سەقامگیری و ئاساییش بەرز نرخاند، هەروەها داوایان كرد هەماهەنگی لەنێوان یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای سەلاحەدین و پارێزگاكانی هەرێمدا هەبێت بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونە ئیدارییەكان و ئاوەدانیی هەرێمی كوردستان.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و دەستخۆشی لێكردن بۆ ئەو هەماهەنگی و كاری هاوبەشەی كە لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ئەو پارێزگایەدا هەیە. هەروەها كورتەیەكی لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بۆ ئامادەبوان باس كرد و جەختی لە برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی عێراق كردەوە و ئەوەشی راگەیاند كە سوپاس بۆ خودا رژێمەكانی پێشووی عێراق نەیانتوانی ناكۆكییە سیاسییەكانی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەتەكان بكەنە ناكۆكیی نێوان گەلانی عێراق. 

هاوکات لە بەشێكی دیکەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستەسەر عێراقی دوای 2003 و ئەوەی دووپات كردەوە كە دەستووری عێراق نەخشەڕێگەیەكی گونجاوە بۆ چارەسەركردنی كۆی ئەو كێشە و گرفتانەی لەئارادان.
لە بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا ئامادەبوان لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ئیداریی ناوچەكانیان، پرسیار و تێبینییەكانی خۆیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانی وەڵام و بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبوان خستەڕوو.