وەزیری جەنگی ئەمریکا: پێویستە ئامادەی هەر سیناریۆیەک بین
وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، پێنتاگۆن چاکسازیی گەورەی ئەنجامداوە و کۆتایی بە هەموو جۆرە بەرنامەیەکی دەستێوەردانی کۆمەڵایەتی و جیاکاری لەناو سوپادا هێناوە و تەنیا بنەمای لێهاتوویی پەیڕەو دەکرێت. هاوکات ئاشکرای دەکات کە داوای 1.5 ترلیۆن دۆلاریان بۆ بودجەی سەربازی کردووە تاوەکو سوپای ئەمریکا لەژێر دۆکترینی "ئەمریکا پێش هەموو شتێک" ئامادەی هەر سیناریۆ و هەڕەشەیەکی دەرەکی بێت.
دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، پیت هێگست، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە بەردەم فەرماندەیی ستراتیژیی هێزەکانی ئەمریکا (STRATCOM)، سەرنجی خستە سەر نەخشەڕێگەی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەهێزکردنی سوپا و چاکسازی لە دامەزراوە سەربازییەکاندا.
پیت هێگسێت جەختی لەسەر یەکسانی و شایستەیی لەناو ریزەکانی سوپادا کردەوە و گوتی: چیتر رێگە بە سەرقاڵکردنی سوپا بە ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی و بەرنامەکانی هەمەڕەنگی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی (DEI) نادرێت؛ ئەو جۆرە شتانە تەنیا بۆ زانکۆ، کۆلێژ و ناوەندە ئەکادیمییەکان دەستدەدەن. لەناو پێکهاتە سەربازییەکانی ئێمەدا پێوەر تەنیا شایستەیی و لێهاتوویی دەبێت، بەبێ رەچاوکردنی رەنگ و جیاوازیی رەگەز، تەنیا ئەوە بنەمایە."
وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشداری دا کە چەندین وڵات و نەیاری واشنتن لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ پەرەپێدانی توانستەکانیان بە مەبەستی لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، و گوتی: "پێویستە سوپای ئەمریکا هەمیشە ئامادەی هەر سیناریۆیەکی نەخوازراو بێت، هەر بۆیە داوای تەرخانکردنی بودجەیەکی 1.5 تریلیۆن دۆلاریمان کردووە بۆ ئەوەی بە تەواوی پێداویستییە سەربازی و ستراتیژییەکان دابین بکەین."
هێگسێت ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی نوێ بە خێرایی کار لەسەر جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکان دەکات و گوتی: "لای ترەمپ 'ئەمریکا پێش هەموو شتێکە'؛ سەرۆک متمانەی تەواوی بە تواناکانی من هەیە و داوای کردووە کە بە خێرایییەکی زۆر زیاتر کارەکانمان راپەڕێنین تاوەکو سوپای ئەمریکا لەوپەڕی ئامادەباشیدا بمێنێتەوە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە رووبەڕووی ئاسایشی نیشتمانیمان ببێتەوە."