سەباح نوعمان: دوای کشانەوەی هاوپەیمانان بە تەواوی کۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنی دەکەین
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هێزە ئەمنییەکان توانای کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنیان هەیە.
دووشەممە 24ـی ئابی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای پەرەسەندنی ئامادەیی هێزە عێراقییەکان و توانایان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی دراوە. نوعمان روونیکردەوە، پلانی پێشوەختە و بەرنامەی پڕچەککردن ئامادەکراوە کە پشت بە تەکنەلۆژیا و بنەماکانی جەنگی سەردەمیانە دەبەستێت.
سەباح نوعمان لەبارەی وادەی دیاریکراو گوتی: "دیاریکردنی کاتی کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 30ـی ئەیلوول، لەسەر بنەمای تێڕوانینی تەواوی دامەزراوەی ئەمنیی عێراق و پەرەسەندنی ئامادەیی هێزەکان و توانایان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆسیەی ئاسایشی نیشتمانی و بەدیهێنانی سەروەری بە لێهاتوویی و پیشەیییەکی بەرز، دوور لە ململانێ سیاسییەکان بووە."
بە گوتەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتی، کۆدەنگیی سیاسی و جەماوەری لەسەر بنەمای باوەڕی فەرماندە ئەمنییەکان بووە کە وادەی 30ـی ئەیلوول بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانییەکە گونجاوە، چونکە چیتر پێویست بە مانەوەی هێزەکانیان ناکات. ئەو بەرپرسە ئەمنییە جەختیکردەوە، بڕیارەکە پشت بە تێگەیشتن لە مەترسییەکان، سروشتی دۆخی ناوچەکە و هەڵسەنگاندنی ئەو هەڕەشانە دەبەستێت کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی هەیە.
سەباح نوعمان روونیکردەوە، پەیوەندییەکان دوای ئەو رێککەوتە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە دەگوازرێتەوە بۆ هاوبەشیی دووقۆڵیی یەکسان. عێراق بە توانای هێزەکانی، بڕیاری حکوومەت و یەکگرتوویی گەلەکەی دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی و هۆکارێک بۆ سەقامگیریی ناوچەکە، هاوکات هاوبەشی لە ئاڵوگۆڕی زانیاری و پلانی مەشق و راهێنان بەتایبەت لە بواری هەواڵگریدا بەردەوام دەبێت.