فایەق زێدان سەردانی ئێران دەکات
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا سەردانێکی فەرمی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام دەدات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە یاسایی و دادوەرییەکان و ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تاران.
دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە یاوەریی شاندێکی باڵای دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەگاتە تاران، و سەردانەکەشی بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، لە میانی سەردانەکەیدا، فایەق زێدان لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سیاسی و یاساییی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆدەبێتەوە، بە مەبەستی بەهێزکردنی هەماهەنگییە دادوەرییەکان، ئاڵوگۆڕی زانیاری، تاوتوێکردنی رێککەوتننامە یاسایییەکان و دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.
سەردانی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ ئێران لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە دواین گەشتی دەرەوەیدا سەردانی سوریای کردبوو، و لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە، بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە یاسایی و ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و پێکهاتەی نوێی دەسەڵات لە دیمەشق.