ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد

ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فاڵح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، 16یەمی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و تێیدا باری گشتیی وڵاتی تاوتوێ کرد و ژمارەیەک بڕیاری لە بوارەکانی ئابووری، کشتوکاڵ و دارایی پەسەند کرد.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ زیادکردنی داهاتە نەوتیینەکراوەکان، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر هەموارکردنەوەی رێژەی رسووماتی گومرگی (بەگوێرەی بڕیاری 24413ی ساڵی 2024) کە سەپێندرابوو بەسەر کەرەستەی خاو بۆ تەواوی پیشەسازییە ناوخۆییەکان، بە شێوەیەک ڕێژەکەی بێتە خوارەوە بۆ (1%). هەروەها رسووماتی گومرگی لەسەر هێڵەکانی بەرهەمهێنان و پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان ( لە قۆناغی دامەزراندندا بن یان فراوانکردن) کرایە (1%).

ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر هەموارکردنی بڕیاری (25ی ساڵی 2026)ی تایبەت بە پابەندبوونی گرێبەستیی پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم، بە شێوەیەک تەرخانکراوە داراییەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان بە بڕی دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار جێگیر بکرێت. لەبارەی تەرخانکراوەکانی پترۆدۆلاریش بە بڕی دوو تریلیۆن دینار، پشتی پێ بەسترێت بەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی (13ی ساڵی 2023)دا هاتوو.

لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی مێرووی (سووسەی دارخورما)، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دا لەسەر بەخشینی وەزارەتی کشتوکاڵ لە ڕێنەماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە گشتییەکان، بە مەبەستی خێراکردنی رێکارەکانی ناردنی دەرمانی قڕکەر بەر لە تەواوبوونی رێکارە بانکییەکان، تاوەکو دەرمانەکە لە کاتی پێویستدا بگات و رێگری لە زەرەرمەندبوونی بەروبوومی دارخورما بگرێت.