ئیسرائیل لەسەر قەبارەی قاچاخی چەکی بۆ حزبوڵڵا لە ڕێگەی سووریاوە دابەشبووە

تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی ئیسرائیل سەبارەت بە قەبارەی قاچاخچێتیکردن بە چەکی ئێرانی بۆ حزبوڵڵا لە رێگەی خاکی سووریاوە دووچاری ناکۆکی و دابەشبوون بووەتەوە. لە کاتێکدا سەرچاوە سیاسییەکان باس لە زیادبوونی هەڕەشەکان دەکەن، سوپای ئیسرائیل رایدەگەیەنێت کە هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ئاستی گواستنەوەی چەکدا رووی نەداوە.

دووشەممە، 24ی ئابی 2026، راپۆرتە میدیایییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد کە ناکۆکییەکی قووڵ لەناو دەزگا ئەمنییەکانی تەلئەڤیڤدا دروستبووە سەبارەت بە رەوشی سنوورەکانی سووریا و قەبارەی راستەقینەی ئەو چەکانەی دەگەنە دەست حزبوڵڵای لوبنانی.

کەناڵی 12ی ئیسرائیل لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە کە قاچاخچێتیکردن بە چەکی ئێرانی لە رێگەی خاکی سووریاوە بووەتە کێشەیەکی گەورە و بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە هەڵکشان کردووە. لە بەرامبەردا، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئسرائیل پشتڕاستیکردەوە کە راپۆرتەکە رەنگدانەوەی مەترسیداریی دۆخەکەیە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە باڵاکان لەناو سوپای ئیسرائیل (IDF) تەواوی ئەو زانیارییانەیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، هیچ بەڵگەیەک لەسەر زیادبوونی بەرچاوی قاچاخی چەکی ئێرانی بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو لەبەردەستدا نییە، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێن کە حکوومەتی دیمەشق ناتوانێت بە شێوەیەکی 100% رێگری لە تەواوی جووڵە قاچاخەکان بکات.

رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە، لە دوای دەستبەکاربوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە کانوونی یەکەمی 2024ەوە، دیمەشق رێکارەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی چەک لە رێگەی سنوورەکانیەوە بۆ ناو لوبنان توندتر کردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنی بەشێکی گەورە لە توانای حزبوڵڵا بۆ دووبارە پڕچەککردنەوەی هێزەکانی.

لە کاتێکدا ناتانیاهۆ و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەخت دەکەنەوە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی سەر بنکە سەربازییەکانی سووریا پێویست بوون بۆ پاراستنی ئازادیی جووڵەی سوپای ئیسرائیل بەرامبەر تورکیا و ئێران، نەیارانی ناتانیاهۆ لەناو ئیسرائیل تێڕوانینێکی جیاوازیان هەیە و دەڵێن: گەورەکردنی باسی قاچاخی چەک و دروستکردنی گرژی لەگەڵ سووریا و تورکیا لەلایەن ناتانیاهۆوە، تەنیا وەک بیانوویەک بۆ بەردەوامیدان بە هێرشە سەربازییەکان و راکێشانی دەنگی شەقامی ئیسرائیلە بۆ مەرامی هەڵبژاردنی داهاتوو."

ئەم کێشمەکێشە ناوخۆیییەی ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ مشتومڕ لەسەر ئەگەری کشانەوەی بەشەکیی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی ئارام لە باشووری رۆژئاوای سووریا، بەتایبەت دوای ئەوەی هێرشەکانی تەلئەڤیڤ بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی سووریا ناڕەزایەتی و نیگەرانیی ئیدارەی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێنا.