ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئابووری 65 سزای نوێی بەسەر ئێران سەپاند
بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە دەستپێکردنی گەورەترین و توندترین هەڵمەتی ئابووریی لە مێژوودا بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری" (Operation Economic Outcast) دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای پاسداران راگەیاند. لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، سزای گشتگیر بەسەر پێنج کەرتی سەرەکیی ئابووری و نزیکەی 60 کۆمپانیا، کەسایەتی و کەشتیی کەشتیگەلی سێبەری نەوت، تۆڕەکانی کڕینی تەکنۆلۆژیای ئەتۆم، مووشەک و گرووپە هاککەرەکاندا سەپێنرا.
دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا، تەواوی نەخشەڕێگەی نوێی ئیدارەی واشنتنی بۆ بڕینی سەرجەم رێگا و سەرچاوە دارایییەکانی تاران لە سەرتاسەری جیهاندا ئاشکرا کرد.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، رۆژی دابەزینی هێزەکان (D-Day) دەستپێکی مێژوویی بوو بۆ راوەدونانی دوژمن. ئەمڕۆ بە هەمان رۆحییەتەوە هێرشێکی بەرفراوانی ئابووری دژ بە پەیوەندییە دارایییەکانی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا دەستپێدەکەین تا ئەو کاتەی تاران بە تەواوەتی بە تەنیا دەمێنێتەوە.
گوتیشی: ترەمپ هەنگاوێکی نا کە سەرۆکەکانی پێش ئەو دوایانخستبوو؛ ئێمە چیتر تەنیا مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەی ئێران ناکەین، بەڵکو کۆتایی پێدەهێنین. ئەوانەی لەگەڵ ئەمریکا دەوەستن سوودمەند دەبن، و ئەوانەشی خۆیان بە تارانەوە دەبەستنەوە، دەبێت ئامادەی باجدان و گۆشەگیربوون بن."
بەپێی بڕیاری نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC) لەسەر بنەمای فەرمانی جێبەجێکردنی ژمارە 13902، پێنج کەرتی سەرەکیی ئابووریی ئێران سزای بەکۆمەڵیان بەسەردا سەپێنرا کە بریتین لە:
1. دراوە دیجیتاڵییەکان کە تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکان و گواستنەوەی پارە بۆ سوپای پاسداران و کەسایەتییە باڵاکان بەکاری دەهێنا.
2. کەرتی تەکنۆلۆژیا، رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو بۆ بەرنامەی دروستکردنی چەک و مووشەک.
3. ئاڵتوون، رێگریکردن لە بەکارهێنانی ئاڵتوون لەلایەن ئێرانەوە بۆ راگرتنی بەهای ریاڵ و شاردنەوەی سەروەتوسامان لە بەرامبەر هەڵئاوساندا.
4. هێڵە ئاسمانییەکان، بەهۆی بەکارهێنانی فڕۆکە بازرگانییەکان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ گواستنەوەی چەکدار، چەک، تەکنۆلۆژیا، ئاڵتوون و پارەی کاش بۆ گرووپە وەلائییەکان.
5. کەرتی کەشتیوانی و گواستنەوەی دەریایی، بەهۆی گواستنەوەی پارچەی مووشەکی و فرۆشتنی نایاساییی نەوت لەلایەن کەشتیگەلی نیشتمانیی ئێرانەوە.
وەزارەتی گەنجینە زیاتر لە 20 کۆمپانیا و کەسایەتیی لە هۆنگ کۆنگ، چین، ئێران و مالیزیا خستە لیستی سزاکانەوە کە کەرەستەی هەستیاری وەک لەیزەری بینایی و کەرەستەی ئاراستەکردنی مووشەکیان (Accelerometer) بۆ زانکۆی تەکنۆلۆژیای مەلیک ئەشتەر و وەزارەتی بەرگریی ئێران (MODAFL) دابین دەکرد. هاوکات لێدان لە کۆمپانیاکانی سەر بە رێکخراوی لێکۆڵینەوەی بەرگریی ئێران (SPND) کە تایبەتە بە توێژینەوەی چەکی ئەتۆمی، لەوانە کۆمپانیاکانی (Sweet Ocean, RPT Technology, Shenzhen Sweet Ocean, BRE Line).
هەروەها لە راگەیەندراەکەدا هاتووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، سزای دارایی بەسەر گرووپێکی هاککەری سەر بە هەواڵگریی ئێراندا سەپێنرا (لەوانە بەهزاد مەسری، موجتەبا قەلعەکوحی و هاوکارەکانیان) کە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی هەستیاری ئەمریکا کەرتەکانی وزە، بەرگری، تەندروستی، تەکنۆلۆژیا و کەرتی دارایی و دزینی دراوی کریپتۆ؛ هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ زانیاری لەسەر ئەم هاککەرانە دیاری کرد.
نووسینگەکە زنجیرەیەک کۆمپانیا، کەشتیی نەوتهەڵگر و دەڵاڵی خستە لیستی سزا توندەکانەوە بەهۆی گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی قاچاخی سوپای پاسداران بۆ بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا و چین، لەوانە:
- بازرگانان و دەڵاڵەکانی وەک محەممەد ئەحمەد فەتووح ناسراو بە "کاپتن حەمزە" و ئیڤان ئۆبوخۆڤ لە ئیمارات کە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاریان بە کریپتۆ بۆ فرۆشتنی نەوت ئاڵوگۆڕ کردووە.
- کۆمپانیاکانی سەر بە محەممەد حسێن شەمخانی (Wellbred Capital لە سەنگافوورە و سویسرا).
- دەستبەسەرداگرتنی پێنج کەشتیی زەبەلاحی کەشتیگەلی سێبەر بە ناوەکانی (SIFRA, G SILVER, QUANTUM HOPE, VOYAGE ELITE, TELA).
لە بڕیارە نوێیەکاندا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەرجەم مۆڵەتە گشتییەکانی پێشووی بۆ حەواڵەی دارایی و گۆڕینەوەی کولتووری و ئەکادیمی لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە، و هۆشداریی توندی دایە سەرجەم بانک و دامەزراوە دارایییەکانی جیهان کە هەر لایەنێک بەشدار بێت لە دەربازکردنی ئێران لە سزاکان، راستەوخۆ دەخرێتە ژێر سزای لاوەکی و لە سیستەمی دۆلاری ئەمریکی بێبەش دەکرێت.