پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی مەولوود و یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان کرد.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری مەزن حەزرەتی محەممەد (دروودی خوای لەسەر بێت) و جەژنی مەولوود، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەکەم.
لە خودای مەزن داواکارم لەو بۆنە پیرۆزەدا دەرگەی ڕەحمەت و بەرەکەتی خۆی بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق و هەموو مرۆڤایەتی بکاتەوە. هیوادارم ئەو بۆنە پیرۆزە ئاشتی و ئارامی و خێر و خۆشی و دادپەروەری بۆ ناوچەکەمان و هەموو جیهان بەدی بهێنێت.
والسلام علیکم و رحمةالله وبركاته
مسعود بارزانی
11ی رەبیعولئەولی 1448ی کۆچی
24ی ئابی 2026