ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی پەسەند کرد

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی پەسەند کرد، کە تاوانەکانی جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ لەخۆدەگرێت. رێکارەکان دوای ئەوە هات کە پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە وردبینی بۆ کرا و بەپێی حوکمەکانی دەستوور رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا.

دووشەممە 24ـی ئابی 2026، خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەشداریی لە نووسینەوەی پڕۆژەکە کردووە و لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی گوت: پەسەندکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە هەنگاوێکی کاریگەرە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی دادوەری لە عێراق و بەدواداچوونی ورد بۆ تاوانبارانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان و دادگاییکردنیان بەپێی پێناسە یاساییەکانی ئەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە.

خەلەف شنگالی روونیکردەوە، پڕۆژەکە دوای تەواوکردنی رێڕەوی یاسایی و پەسەندکردنی لە پەرلەمانی عێراق جێبەجێکردنی، رێگا بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکاتەوە.

گوتیشی: دادگاییکردنەکان بەپێی بەڵگە و واقیع بۆ تاوانەکانی جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ دەبن، لەبری ئەوەی بەدواداچوونەکان تەنیا لەسەر بنەمای یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددەی 4ی تیرۆر بن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فاڵح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، 16یەمی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و تێیدا باری گشتیی وڵاتی تاوتوێ کرد و ژمارەیەک بڕیاری لە بوارەکانی ئابووری، کشتوکاڵ و دارایی پەسەند کرد.