مەزڵووم عەبدی و شەیبانی لە دیمەشق کۆبوونەوە
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە یاوەریی هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە دیمەشق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و تەواوکردنی بەندەکانی رێککەوتنی نێوان هەردوولا.
دووشەممە، 24ی ئابی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە دیمەشق رایگەیاند، کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە بەشداریی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پایتەختی سووریا کۆتایی هات.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تەوەرێکی سەرەکی و بنەڕەتیی گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەسەدە و وەزیری دەرەوەی سووریا، تەرخان کرابوو بۆ باسی جێبەجێکردن و تەواوکردنی سەرجەم بەند و دۆسیەکانی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات بە مەبەستی رێکخستنەوەی پەیوەندییە کارگێڕی و سەربازییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا بە شێوەیەکی بەرفراوان گفتوگۆیان لەبارەی کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ و هەستیاری پەیوەندیدار بە دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی سووریا کرد.
ئەم دیدارە وەک بەشێک لە دیالۆگی بەردەوامی نێوان کارگێڕیی نوێی دیمەشق و سەرکردایەتیی هەسەدە دادەنرێت، بە مەبەستی چەسپاندنی ئاشتی، بنیاتنانی متمانە و تێکەڵکردنی هێزەکان لە چوارچێوەی سوپای نیشتمانیی سووریادا، هاوشان لەگەڵ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی، کولتووری و دەستوورییەکانی گەلی کورد و تەواوی پێکهاتەکانی وڵاتەکە.