ئێران: لەبەرامبەر سزاکانی ئەمریکا تەنیا بەرگری ناکەین بەڵکو هێرشی پێچەوانەی ئابووری دەکەین

وەزیری کاروباری ئابووری و داراییی ئێران رایگەیاند، گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا و رێگریکردن لە گەیشتنی دەرمان "تیرۆریزمی ئابووری"یە دژ بە گەلی ئێران. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە سەردەمی جیهانی تاکجەمسەری کۆتایی هاتووە و ئێران لە بەرامبەر سزاکانی واشنتندا تەنیا لە پێگەی بەرگریدا نامێنێتەوە، بەڵکو وەڵام و هێرشی پێچەوانەی ئابووریی دەبێت.

دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، عەلی مەدەنیزادە، وەزیری کاروباری ئابووری و داراییی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا ستراتیژی ئابووریی تاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی سزاکانی ئەمریکا، چاکسازیی گومرگی و کۆنتڕۆڵکردنی هەڵئاوسانی ناوخۆیی خستەڕوو.

عەلی مەدەنیزادە ئاشکرای کرد، یەکێک لە سەرکەوتنە گەورەکانی کەرتی بازرگانی لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا، کەمکردنەوەی ماوەی مانەوەی کەلوپەل بووە لە گومرگەکاندا، "پێشتر هەندێک جار کەلوپەل و کاڵا زیاتر لە 10 مانگ لە گومرگدا دەمایەوە، بەڵام ئێستا تێکڕای ماوەکە دابەزیوە بۆ نزیکەی 8 رۆژ و لە چەند مانگی داهاتووشدا ماوەی راییکردنی مامەڵە گومرگییەکان بۆ کەمتر لە 3 رۆژ کەمدەکەینەوە تا رێگری لە کەڵەکەبوونی کاڵا بکرێت."

ئاماژەشی دا، سەرەڕای ئەوەی هێرشەکانی سەر کەرتی نەوت و گاز لە سەرەتای ساڵدا کاریگەریی کاتییان لەسەر داهات هەبوو، بەڵام حکوومەت سەرچاوەی داراییی جێگرەوەی دابین کردووە بۆ بەردەوامیدان بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک، بە جۆرێک لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا بڕی هاوکارییەکان بۆ توێژە کەمدەرامەتەکان زیاد دەکرێت.

عەلی مەدەنیزادە رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی واشنتن گرت و گوتی: "ئەمریکا لە رێگەی گەمارۆدانی ئابووری و هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ سەر نەخۆشان و منداڵان، تیرۆریزمی ئابووری دژ بە گەلی ئێران پەیڕەو دەکات، وەک چۆن پێشتریش کردەوەی سەربازییان تاقیکردەوە و لە هەردووکیاندا شکست دەهێنن."

وەزیری ئابووریی ئێران پەیامێکی هۆشداریدایە واشنتن و گوتی: ئێمە ئامڕازی پێویستی خۆمان هەیە و شێوازی کایەکردنەکە دەزانین. با دوژمنان چاوەڕوانی ئەوە نەکەن کە ئێمە تەنیا لە پێگەی بەرگریدا بمێنینەوە؛ بەڵکو چاوەڕوانی هێرشی پێچەوانەی ئابووری بن لە لایەن ئێرانەوە. جیهانی تاکجەمسەری بەسەرچووە؛ وەک دەبینین زلهێزە گەورەکانی وڵاتانی جیهان سزاکانی ئەمریکایان رەتکردووەتەوە و ئامادە نین بچنە ژێر باری بڕیارە تاکلایەنەکانی کۆشکی سپی."