شەیبانی: سووریا پابەندە بە ئاشتی و هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا و جیهان
سووریا پیرۆزبایی لە گەلەکەی دەکات بەبۆنەی سڕینەوەی ناوی لە لیستی دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر
وەزیری دەرەوەی سووریا پیرۆزبایی لە گەلی وڵاتەکەی کرد بەبۆنەی سڕینەوەی فەرمیی ناوی سووریا لە لیستی دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر لەلایەن واشنتنەوە لە دوای 47 ساڵ. هاوکات جەخت دەکاتەوە لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆکی وڵاتەکەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شوێنەوارەکانی گۆشەگیری و دروستکردنی هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا و جیهان بەردەوام دەبن.
دووشەممە، 24ی ئابی 2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەڵوێستی فەرمیی دیمەشقی سەبارەت بە بڕیارە مێژوویییەکەی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر دەوڵەتی سووریا خستەڕوو.
ئەسعەد شەیبانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی سووریا دەکەین بەبۆنەی ئەم رووداوە مێژوویییەی سڕینەوەی ناوی سووریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر، لە دوای 47 ساڵ لە پۆلێنکردنێک کە پەیوەست بوو بە سیاسەت و کردەوەکانی رژێمی رووخاو، کە هەرگیز بژاردەی گەلەکەمان نەبووە و لە ئاستی مێژوو و شکۆی سووریادا نەبوو.
ئاماژەشی داوە، ئەم هەنگاوە بەرهەمی ئەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانەیە کە گەلی سووریا دروستی کرد، و بەرجەستەکردنی پابەندبوونی دەوڵەتی نوێی سووریایە بە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە پاڵ هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرجەم وڵاتانی جیهاندا.
ئەسعەد شەیبانی جەختی لەسەر هەنگاوەکانی حکوومەتەکەی کردەوە و گوتی: "لەژێر رێنمایییەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ سڕینەوەی تەواوی شوێنەوارەکانی گۆشەگیری و رەخساندنی ژینگەیەک کە لەسەر بنەمای شەفافییەت، بەرژەوەندیی هاوبەش و رێز لەیەکتری گرتن دامەزرابێت، بە شێوازێک کە گەشەپێدان و سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکەدا بەهێزتر بکات."
وەزیری دەرەوەی سووریا سوپاسگوزاریی دیمەشقی گەیاندە سەرکردایەتیی ئەمریکا و نووسیویەتی: "سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەی خۆمان ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، باڵیۆز تۆم بەڕاک، ئیدارەی ئەمریکا و ئەندامانی کۆنگرێس دەکەین، لەگەڵ هەموو ئەوانەی بەشدار بوون لە بەدیهێنانی ئەم هەنگاوە مێژوویییەدا."
رۆژی دووشەممە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی دۆناڵد ترەمپ، وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا بڕیاریان دا بە هەڵوەشاندنەوەی ناوی سووریا وەک "دەوڵەتی پشتیوانی تیرۆر" و دەرهێنانی "دەستەی تەحریری شام - HTS" لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە جیهانییەکان و لیستی سزاکان، بە مەبەستی ڕاکێشانی وەبەرهێنان و سەقامگیرکردنی دۆخی سیاسی و ئابووریی سووریا.