هێگسێت: بژاردەی لێدانی سەربازی لە گەرووی هورمز و تەواوی ئێران لەسەر مێزە

وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە هیچ شێوەیەک بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە هیچ شوێنێکی گەرووی هورمز یان لە سەرتاسەری خاکی ئێران بەدوور نازانێت. ئەم هۆشدارییە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی هێرشێکی ئابووریی یەکلاکەرەوە لەلایەن واشنتنەوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە واشنتن، هەڵوێستی توندی سەربازیی وڵاتەکەی سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دووپاتکردەوە.

پیت هێگسێت بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئێمە بە هیچ جۆرێک بەکارهێنانی گورزی سەربازی لە هیچ شوێنێکی گەرووی هورمز یان لە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێران بەدوور نازانین."

وەزیری جەنگ ئاماژەی بەوەش کرد، دەسەڵاتدارانی تاران لە توانایاندا نییە بەرگەی ئەو گوشار و گەمارۆ ئابوورییە توندە بگرن کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەریاندا سەپێنراوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، پیت هێگسێت هۆشداری دایە تاران لە ئەگەری دروستکردنی هەر ئاستەنگێک بۆ هاتوچۆی دەریایی و گوتی: "ئەگەر ئێران کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز یان هەر رێڕەوێکی دیکە بکاتە ئامانج، رووبەڕووی هێزێکی ئاگرینی وێرانکەر و ئێجگار گەورە دەبێتەوە، و ئەمریکا بەبێ دوودڵی بەرگری لە بەرژەوەندی، سەروەت و سامان و کەشتیگەلی خۆی لە ناوچەکەدا دەکات."

لێدوانەکانی هێگسێت گوزارشت لە هەڵکشانی هەڵوێستی سەربازیی واشنتن دەکەن بەرامبەر تاران؛ ناوبراو پێشتریش رایگەیاندبوو، هێزەکانی ئەمریکا خاوەنی سەرچاوە و کەرەستەی سەربازیی پێویستن بۆ ئەوەی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا بۆ "ماوەیەکی نادیار و بێسنوور" بەردەوام پێبدەن.

هەروەها هێگسێت جەختی کردبووەوە، سوپای ئەمریکا بە ئاستێک لە ئامادەباشیی جەنگیدایە کە "جیهان لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە وێنەی نەبینیوە."