ئیدارەی ترەمپ ڤیزای گەشتیاری و بازرگانیی 200 هەزار بیانی هەڵدەوەشێنێتەوە

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای بازرگانی و گەشتیاریی نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتیی بیانی کە دوای گەیشتنیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داوای مافی پەنابەرییان پێشکەش کردووە. لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا، ئەم هەنگاوە دەبێتە گەورەترین هەڵمەتی هەڵوەشاندنەوەی بەکۆمەڵی ڤیزا لە مێژووی ئەمریکادا.

سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشیەیتد پرێس" (AP) لەسەر زاری دوو بەرپرسی باڵا و بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 200 هەزار ڤیزاکانی جۆری (B1 بۆ بازرگانی) و (B2 بۆ گەشتیاری) رادەگەیەندرێت کە لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2026 دەرکراون.

تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاند: "ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی (DHS) کار دەکەین بۆ دەستنیشانکردن و هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای نائاساییی ئەو بیانییانەی کە بە ناوی سەردانی کورتخایەن هاتوونەتە ئەمریکا، بەڵام دواتر داوای مافی پەنابەرییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بە هەمیشەیی بمێننەوە."

گوتەبێژەکە رەتیکردەوە ژمارەی تەواوی ڤیزا هەڵوەشاوەکان ئاشکرا بکات، بەڵام جەختی کردەوە کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ بەردەوام دەبێت.

لە هەمان کاتدا، کریستۆفەر لانداو، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "خەڵک لە ئەمریکا و سەرتاسەری جیهان بێزار بوون لە کەیس و داواکاریی ساختەی پەنابەری. نابێت پەنابەری وەک کەلێنێک بەکاربهێنرێت بۆ دەربازبوون لە یاساکانی کۆچبەری."

بەپێی زانیاریی بەرپرسانی ئەمریکا، هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای ئەم کەسانە بە مانای دیپۆرتکردنەوەی دەستبەجێیان نایەت لە کاتێکدا کەیسەکانیان لە دادگای پەنابەری لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵکو پێگەی یاسایییان وەک گەشتیار یان بازرگان لەدەست دەدەن و دەکەونە چوارچێوەی پۆلێنکردنێکی نوێوە تا یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان.

لە دوای دەستبەکاربوونەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، ئیدارەکەی زنجیرەیەک رێکاری توندی دژ بە کۆچبەری گرتووەتەبەر، لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا، وەزارەتی دەرەوە نزیکەی 175 هەزار ڤیزای ئەو کەسانەی هەڵوەشاندووەتەوە کە تۆمەتبار بوون بە ئەنجامدانی تاوان یان بە ئاشکرا دژایەتیی سیاسەتەکانی ئەمریکایان کردووە، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها ئیدارەی ترەمپ رێکاری توندی گرتووەتەبەر دژ بەو ئافرەتە بیانییە دووگیانانەی بە ڤیزای گەشتیاری دێنە ئەمریکا تا منداڵەکانیان لەوێ لەدایکببن و رەگەزنامە وەربگرن؛ هەروەها پشکنینی مێژووی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دانانی بارمتەی داراییی گرانبەها و داواکردنی بەڵێننامە لەوەی دوای سەردانەکەیان داوای پەنابەری ناکەن.