وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی ئابووری دژی ئێران راگەیاند
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی رێکارە نوێیەکانی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری" (Operation Economic Outcast)ی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرا کرد، کە تێیدا سزای توند بەسەر بەرپرسانی سەربازی، تۆڕەکانی کڕینی چەک و مووشەک، هاککەرەکانی هەواڵگریی تاران و تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی قاچاخی نەوتی سەر بە فەیلەقی قودسدا سەپێنراوە.
سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا، تەواوی بەشە سەربازی، سایبەری و نەوتییەکانی هەڵمەتە نوێیەکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی دژ بە تاران خستەڕوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە سزاکان چەندین لایەنی سەربازی دەکەنە ئامانج لەوانە؛ ئەو فەرماندە سەربازییانەی ئێران کە بەرپرس بوون لە کڕینی چەک و ئاراستەکردنی هێرشەکان دژ بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا؛ ئەو دامەزراوانەی ناوخۆی ئێران کە زانیاریی هەواڵگرییان بۆ بەئامانجگرتنی سەربازانی ئەمریکی و هاوبەشە هەرێمییەکان کۆکردووەتەوە و تۆڕێکی نێودەوڵەتیی کڕین و دابینکردنی تەکنۆلۆژیا و کەرەستەی هەستیار بۆ بەرنامە سەربازی و مووشەکییەکانی سوپای ئێران.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بەشی سایبەریی ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) جێبەجێ کراوە، لەوانە، سزادانی ئەو گرووپە هاککەرەی سەر بە حکوومەتی ئێران کە هێرشیان کردووەتە سەر ژێرخانی هەستیاری ئەمریکا کۆمپانیاکانی وزە، کەرتی پیشەسازیی بەرگری، دامەزراوە تەندروستییەکان و فەرمانگە فیدراڵی و خۆجێیییەکان؛
هاوکات بەرنامەی "پاداشت لەپێناو دادپەروەری"ی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، خەڵاتێکی بە بڕی تاوەکو 10 ملیۆن دۆلار بۆ هەر زانیارییەک لەسەر پێنج لەو هاککەرە ئێرانییانە تەرخان کردووە کە هێرشی ئەلیکترۆنییان کردووەتە سەر سیستەمە گرنگەکانی ئەمریکا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، سزاکان لێدان بووە لە تۆڕێکی فراوانی دەڵاڵ و کۆمپانیاکانی کەشتیوانی کە نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتی و پترۆکیمیایییەکانی ئێرانیان لە رێگەی ئیمارات، چین، سەنگاپوورە و ئەوروپاوە گواستووەتەوە بۆ دابینکردنی داهاتی دارایی بۆ فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران (IRGC-QF).
پیگۆت دووپاتی کردەوە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پەکخستن، ئاشکراکردن و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم چالاکییە سەربازییەکان، بەرنامەکانی پەرەپێدانی چەک، ئۆپەراسیۆنە زیانبەخشە سایبەرییەکان و بازرگانیی نایاساییی نەوت کە دەبنە هۆی بەردەوامیی هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکەدا؛ داواش لە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین پەیوەست بن بەم هەوڵانە بۆ لێپرسینەوە لە تاران."
رۆژی دووشەممە. بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە دەستپێکردنی گەورەترین و توندترین هەڵمەتی ئابووریی لە مێژوودا بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری" (Operation Economic Outcast) دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای پاسداران راگەیاندبوو. لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، سزای گشتگیر بەسەر پێنج کەرتی سەرەکیی ئابووری و نزیکەی 60 کۆمپانیا، کەسایەتی و کەشتیی کەشتیگەلی سێبەری نەوت، تۆڕەکانی کڕینی تەکنۆلۆژیای ئەتۆم، مووشەک و گرووپە هاککەرەکاندا سەپێنرا.