کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە نزیک کەناراوەکانی عومان کرایە ئامانج

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریایییەکانی بەریتانیا (UKMTO) هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە سەبارەت بە بەئامانجگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە نزیک کەناراوەکانی عومان لە دەروازەی گەرووی هورمز لەلایەن تەنێکی نەناسراوەوە، کە بووەتە هۆی زیانپێگەیشتنی ژووری بزوێنەر و لەکارکەوتنی تەواوەتیی کەشتییەکە.

سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، دەستەی بازرگانیی دەریاییی بەریتانیا (UKMTO) لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا، راپۆرتێکی لەسەر رووداوێکی هێرشکردنە سەر هێڵی کەشتیوانی لە دەریای عومان و نزیک گەرووی هورمز راگەیاند.

بەپێی راپۆرتەکەی دەستەی بازرگانیی دەریاییی بەریتانیا، هێرشەکە لە دووریی 9 میلی دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی ناوچەی ئەشیشە لە کەناراوەکانی عومان لە نزیک گەرووی هورمز روویداوە.

ئاماژەشی داوە، کاپتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە رایگەیاندووە، کەشتییەکە بە کەرەستەیەکی نەناسراو پێکراوە، کە زیانی راستەوخۆی بە ژووری بزوێنەرەکان گەیاندووە و بووەتە هۆی پەککەوتنی کەشتییەکە لە جووڵە.

دەستەی بازرگانیی دەریاییی بەریتانیا باسی لەوەش کردووە، سەرجەم دەستەی کەشتیوانان و کارمەندانی سەر کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە. هاوکات دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە چۆنییەتیی رووداوەکە و تا ئێستا ئاستی زیانە ژینگەیییەکانی پەیوەست بە رژانی نەوت نەزانراوە.