شەرع: بەرەو ئاسۆیەکی گەش و ئاوەدانکردنەوە هەنگاو دەنێین
سەرۆکی سووریا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا بۆ گەلی وڵاتەکەی، هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی سزاکانی ئەمریکا و سڕینەوەی ناوی سووریای لە لیستی تیرۆر بە "رووداوێکی مێژوویی و وەرچەرخان بەرەو ئاوەدانکردنەوە" ناوبرد. هاوکات سوپاسی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و تەواوی ئەو وڵاتە دۆستانە دەکات کە پشتیوانییان لە گەلی سووریا کردووە.
سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق، گوتارێکی ئاراستەی گەلی سووریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی قۆناخی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆکی سووریا لە گوتارەکەیدا گوتی: ئەمڕۆ سووریا پەڵەیەکی رەش لەسەر شانی خۆی لادەبات و بە دەستی خۆی لاپەڕەیەک لە رابردووی پڕ لە ئازاری خۆی دەدڕێنێت، تاوەکو بەرەو ئاسۆی گەشەپێدان، بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە هەنگاو بنێت."
ئاماژەشی دا، "گەلی مەزنی سووریا، ئێوە جارێکی دیکە سەلماندتان و سەرکەوتنتان بەدەستهێنا؛ سزاکان لەسەرتان هەڵگیران و کۆتوبەندەکان شکێنران."
سەرۆکی سووریا لە پەیامەکەیدا پێزانینی خۆی بۆ سەرکردایەتیی ئەمریکا دەربڕی و گوتی: سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم ئاراستەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەکەم، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو وڵاتە دۆست و پشتیوانانە دەکەم کە لەم قۆناخەدا لە تەنیشتمان وەستان.
پەیامەکەی ئەحمەد شەرع لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی ناوی سووریای لە لیستی دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر سڕییەوە و سزاکانی سەر دەستەی تەحریری شامی هەڵگرت، کە ئەمەش رێگە بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و سەرلەنوێ تێکەڵبوونەوەی سووریا بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆش دەکات.