حەیدەر عەبوودی: دوا وادە بۆ رادەستکردنی چەکی گرووپەکان 30ـی ئەیلوولە
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، حکوومەت سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و سەپاندنی سەروەریی یاسا. ناوبراو 30ـی ئەیلوولی داهاتووی وەک وادەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ کۆکردنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان دیاری کرد.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، کارنامەی حکوومەت بە روونی جەختی لەسەر کۆکردنەوەی چەک و سەروەریی یاسا کردووەتەوە. سەرۆکوەزیران لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن دووپاتیکردووەتەوە عێراق لەم رێڕەوەدا بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژەکەی حکوومەت گوتیشی: "هۆکارەکانی هەڵگرتنی چەک لەلایەن گرووپەکانەوە دوای 30ـی ئەیلوول کۆتاییان دێت".
بە گوتەی عەبوودی، ئەم هەنگاوە گەڕانەوەیەکی سروشتییە بۆ دەسەڵاتی دەستووریی دەوڵەت و تەنیا دامەزراوە فەرمییەکان مافی هەڵگرتنی چەکیان دەبێت. حکوومەت هەر جۆرە لێکگەیشتنێک بۆ بەدەرکردنی هەر گرووپێک لەم بڕیارە رەت دەکاتەوە.
حکوومەت ئێستا لە گفتوگۆیەکی ئەرێنیدایە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی جێبەجێکردن. عەبوودی پێشبینی دەکات پێش وادەی دیاریکراو ئەنجامی بەرچاو لەم دۆسیەیە بەدەست بێت.
عەبوودی جەختیکردەوە دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک بابەتێکی ناوخۆیی و سەروەرییە و گفتوگۆکان تەنیا لە ناوخۆی عێراق و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەبن. بەغدا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بگۆڕێت بۆ هاوکاریی ستراتیژی.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێستا سەرپەرشتی گفتوگۆکان دەکات لەگەڵ پێنج گرووپ بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان، کە بریتین لە بزووتنەوەی نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، سەرایای ئەولیای دەم و ئەسحابی کەهف.
پێشتر سێ لە گرووپە چەکدارە گەورەکان چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت کردووە و چوونەتە ناو حکوومەتەوە یاخود کاری مەدەنییەوە، ئەوانیش بریتین لە سەرایای سەلام بە رێبەرایەتی موقتەدا سەدر، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی بە رێبەرایەتی شبل زەیدی.