نیویۆرک تایمز: ترەمپ لە رێگەی کۆشنەرەوە کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ دیموکراتەکان دەکاتەوە
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارید کۆشنەری راوێژکاری نزیکی راسپاردووە تا پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەم، کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموکرات بکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە، لە چەند هەفتەی رابردوودا کۆبوونەوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە نیویۆرک لە نێوان حەکیم جێفریس، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و کۆشنەر بە نێوەندگیریی کەسێکی نزیکی هەردوولا بەڕێوەچووە. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات ململانێیەکی توند بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی کۆنگرێس دەکەن.
دیدارەکە چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە بایەخی دەنگدەرانی ئەمریکی لەخۆ گرتووە، لەوانە؛ کێشەی نیشتەجێبوون، کۆچبەری و ئاسایشی سنوورەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان.
هاوکات کۆشنەر پێشنیازی کردووە لە داهاتوودا جێفریس لەگەڵ سۆزی وایڵز، سەرۆکی دەستەی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی کۆببێتەوە. شیکەرەوان ئەم جووڵەیەی ترەمپ وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لەناو کۆنگرێس و کۆنترۆڵکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن دیموکراتەکانەوە دەبینن. ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی ئەم پەیوەندییە پێشوەختانەوە رێگری لە پەککەوتنی کارنامە یاساییەکانی یان زیادبوونی لێکۆڵینەوەکان دژی ئیدارەکەی لە ئەگەری شکستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا بکات.
ئەم کۆبوونەوەیە لە ناوخۆی هەردوو پارتەکەدا کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە. مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بایەخی کۆبوونەوەکەی کەمکردەوە و رایگەیاند، کۆشنەر هیچ پۆستێکی فەرمی لە کۆشکی سپیدا نییە.
لەلایەکی دیکەوە حەکیم جێفریس رووبەڕووی رەخنەی هەندێک لە هاوپارتەکانی بووەوە. جێفریس لە روونکردنەوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، کۆشنەر داوای کۆبوونەوەکەی کردووە و ئەو تەنیا بەهۆی پرسی گرانیی بژێوی رازی بووە، جەختیشی کردەوە دیموکراتەکان لە دژایەتیکردنی سیاسەتەکانی ترەمپ بەردەوام دەبن.
کۆشنەر و جێفریس لە ساڵی 2018دا پێکەوە بۆ تێپەڕاندنی یاسای هەنگاوی یەکەم کاریان کردووە، کە تایبەت بوو بە چاکسازی لە سیستەمی دادوەری و زیندانەکان و ئەو کات پشتگیریی هەردوو پارتی بەدەستهێنا.