فایەق زێدان گەیشتە تاران

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی یاسایی.

میدیای فەرمیی عێراق بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە سەردانێکی فەرمیدا گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری تەنیا یەک رۆژ دەخایەنێت و لەسەر بانگهێشتی غولامحسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بووە.

میدیای فەرمیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجی سەردانەکە پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات و تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیە و پرسی دادوەری و یاساییە لە نێوان عێراق و ئێراندا.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ فایەق زێدان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی هاریکارییە یاساییەکان.

 هەروەها، زێدان پێشتریش چەندین جار سەردانی تارانی کردووە بە مەبەستی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی دادوەری لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.