ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سزاکانی ئەمریکا دەکات

ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سزاکانی ئەمریکای کرد، کە واشنتن وەک هەوڵێک بۆ پەکخستنی شادەماری ئابووری تاران ناوزەدی دەکات. هاوکات تاران متمانەی خۆی بەوە نیشاندا هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی، بەتایبەت چین و رووسیا، لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا پشتیوانی لێ دەکەن.

سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، دوێنێ دووشەممە کۆمەڵێک رێکاری نوێی دژ بە تاران رایگەیاند، بەڵام سزاکان نەگەیشتنە توندترین ئاستی چاوەڕوانکراو. بێسێنت هۆشداری دا ئەو وڵاتانەی بەردەوامن لە بازرگانی لەگەڵ ئێران، ئەگەری دوورخستنەوەیان لە سیستەمی دارایی جیهانی لەسەر بنەمای دۆلار هەیە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای بەسەر 60 کەسایەتی، قەوارە و کەشتیدا سەپاند، بەڵام لیستەکە هیچ کام لەو دامەزراوە داراییە چینییانەی نەگرتەوە کە گومانیان لێ دەکرێت ئاسانکاری بۆ بازرگانی نەوتی ئێران دەکەن. بێسێنت وادەی جێبەجێکردنی سزاکانی دیاری نەکرد و رایگەیاند، مۆڵەت دەداتە وڵاتان بۆ پابەندبوون بە رێنماییە نوێیەکان.

پێش راگەیاندنی سزاكان، ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردبوو، هەر رێکارێکی ئابووری بە وەڵامی سەربازی و کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی کەنداو وەڵام دەداتەوە. عەلی مەدەنی زادە، وەزیری ئابووریی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی گوتی: "ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی سزاکانی ئەمریکا. دوژمنان دەیانەوێت تێرۆری ئابووریمان بەسەردا بسەپێنن، بەڵام ئێمە ئامرازی خۆمانمان هەیە و دەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەین. نابێت وابیربکەنەوە کە تەنیا بەرگری دەکەین، بەڵکو دەبێت چاوەڕێی هێرشی ئێمەش بن."

هاوکات حوسێن محێبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران، هۆشداری دا، ئەگەر ژێرخانی ئابووریی ئێران بکەوێتە مەترسییەوە، زەبرێکی کوشندە لە بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئەمریکا و رێڕەوەکانی وزە دەوەشێنن.

لای خۆیەوە پاکستان وەک نێوەندگیر هاتووەتە سەر هێڵ. سوپای پاکستان ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، پێشکەوتنی گەورە لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ تاران بەدەستهاتووە، کە جەخت لەسەر رێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان و دووبارەکردنەوەی گەرووی هورمز دەکاتەوە.

موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، کە یاوەری عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای وڵاتەکەی بوو بۆ تاران، لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، دیدارەکانیان لەگەڵ سەرۆکی ئێران بونیادنەر بووە و تاران دیدگای خۆی بە روونی لەسەر پرسەکان خستووەتەڕوو.