نێچیرڤان بارزانی لەیادی مەلوود دا: با ئەم یادە ببێتە هەوێنی پتەوکردنی پێکەوەژیان و لێبوردەیی

لە یادی پیرۆزی لەدایکبوونی پێشەوا و پێغەمبەری مەزنی ئیسلامدا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و هیوا دەخوازێت ئەم بۆنەیە ببێتە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوون بە بەها باڵاکانی مرۆڤدۆستی، ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا.

 

دەقی پەیامەکەی نێچرڤان بارزانی بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامدا (د.خ)

لە یادی پیرۆزی لەدایکبوونی پێشەوا و پێغەمبەری مەزنی ئیسلام حەزرەتی موحەممەددا (دروودی خوای لەسەر بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکەم.

هیوادارم ئەم یادە پیرۆزە، خێر، خۆشی، ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و ببێتە هەوێنی پتەوکردنی گیانی برایەتی، لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا.

با ئەم بۆنە پیرۆزە ببێتە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی پابەندی بە پەیام و ڕێنمایی و بەها باڵاکانی پێغەمبەر (د.خ) لە بڵاوکردنەوەی چاکە، دادپەروەری، ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیدا، تا پێکەوە بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیر و ئارامتر هەنگاو بنێین.

یادی مەولوودی پێغەمبەر لە هەموو لایەک پیرۆز بێت، هەموو ساڵێک بە خێر و خۆشی.