جەنگی ئێران لە جەماوەریی ترەمپ و کۆمارییەکان کەمدەکاتەوە

 بەهۆی بەردەوامیی ململانێ سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران، رێژەی پشتیوانیی هاووڵاتییانی ئەمریکا بۆ ئەو جەنگە بۆ 31% دابەزیوە، ئەوەش نزمترین ئاستی پشتیوانییە لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە.

بەگوێرەی راپرسییەکی نوێی رۆیتەرز/ئیبسۆس، پشتیوانیی جەماوەری بۆ ئەم جەنگە لە مانگی ئاداردا 37% و لە سەرەتای ئەم مانگەدا 34% بووە. راپرسییەکە هۆکاری ئەم دابەزینەی بۆ کەمبوونەوەی بەرچاوی پشتیوانیی کۆمارییەکان گەڕاندووەتەوە، بەوپێیەی ئێستا 69%ـی کۆمارییەکان پشتیوانی لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکەن، بەراورد بە 77% لە مانگی ئاداردا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگەکەوە رووبەڕووی فشاری سیاسی بووەتەوە. نیگەرانییەکان لەبارەی درێژەکێشانی ململانێکان پەرەی سەندووە و 83%ـی ئەمریکییەکان پێیان وایە جەنگەکە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت، ئەمەش بەراورد بە 80%ـی سەرەتای مانگ، بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئیدارەی ترەمپ لە کاتێکدا رووبەڕووی ئەم دۆخە بووەتەوە کە نرخی بەنزین بە زیاتر لە دۆلارێک بۆ هەر گالۆنێک بەراورد بە پێش شەڕەکە بەرز بووەتەوە. ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ هاوپەیمانە کۆمارییەکان دروست کردووە کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەم ئامادە دەکەن، بەتایبەت دەنگدەرانی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسدا دیموکراتەکانیان بە رێژەی 33% بەرامبەر بە 19% بۆ کۆمارییەکان پێ باشترە.

سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی چڕکردنەوەی فشاری ئابووریی سەر ئێرانیداوە و سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینە هەڕەشەی فراوانکردنی سزاکانی بۆ سەر ئەو وڵاتانە کردووە کە مامەڵە لەگەڵ تاران دەکەن، بەڵام هەبوونی گومان لە سەپاندنی سزای کردەیی و کەمتەرخەمی لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ قەیرانەکە، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە. لەو نێوەندەدا گەمارۆی ئێران لەسەر هەناردەی نەوتی ناوچەکە بەردەوامە، ئەمەش نرخی سووتەمەنی بەرز هێشتووەتەوە و گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئیدارەی ئەمریکای لە پێشوەختەی هەڵبژاردنەکاندا قووڵتر کردووەتەوە.