ئاوارەکان پلاستیک دەگۆڕن بۆ کەلوپەلی ناوماڵ و سەرچاوەی داهات

ئاوارەکانی کەمپی کەبەرتوو لە سنووری دهۆک لە رێگەی کۆکردنەوەی بوتڵە پلاستیکییەکان و دووبارە بەکارهێنانەوەیان لە کارگەیەکی بچووکدا، ژینگەی کەمپەکەیان پاکدەکەنەوە و پاشماوەکان دەگۆڕن بۆ سەرچاوەیەکی داهات و کەلوپەلی ناوماڵ.

لە کەمپی کەبەرتوو لە سنووری پارێزگای دهۆک، رۆژانە ژمارەیەک ئاوارە هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی بوتڵ و پاشماوە پلاستیکییەکان و دەیانبەنە کارگەیەکی تایبەت بە ریسایکلین. لەوێدا پلاستیکەکان ورد دەکرێن و دەتوێندرێنەوە، پاشان دەکرێنە کەلوپەلی ناوماڵ و جوانی و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن.

خالید محێ و ئەلماس ئیلیاس دوو لەو ئاوارانەن بەشدارییان لە پڕۆژەکەدا کردووە. لە لێدوانێکدا بۆ ماهر شنگالی پەیامنێری کوردستان24، خالید محێ دەڵێت "سەرەتا ئەم بیرۆکەیەمان بۆیە بۆ هات چونکە ژینگەی کەمپەکەمان زۆر پاک نەبوو، بۆیە بڕیارمان دا ئەم پلاستیکانە کۆبکەینەوە و بیانکەینە کەلوپەلی وەک مێز و کورسی، لە هەمان کاتیشدا ژینگەکەمان پاک بکەینەوە." 

هەروەها ئەلماس ئیلیاس ئاماژە بەوە دەدات رۆژانە لە بەیانییەوە تاوەکوو کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ کار دەکەن و دەڵێت "بە سوودوەرگرتن لە پلاستیکەکە چەندین کەلوپەلی جۆراوجۆر و سەرنجڕاکێشمان دروستکردووە."

ئەم دەستپێشخەرییە تەنیا بۆ پەیداکردنی کار نییە، بەڵکوو هەنگاوێکە بۆ پاراستنی ژینگە. چیمەن رەشید سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ی راگەیاند "زیانەکانی پلاستیک بۆ هەموو شتێک مەترسیدارە، ئێمە دەمانەوێت خەڵک فێری ئەم کارە بکەین بۆ ئەوەی هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت." 

هەروەها داوا لە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات پشتگیریی ئەم جۆرە پڕۆژانە بکەن بۆ ئەوەی پاشماوەکان ببنە سەرچاوەیەکی ئابووری و لە تەواوی پارێزگاکاندا جێبەجێ بکرێن.

کەمپی کەبەرتوو دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک و یەکێکە لەو کەمپانەی دوای هێرشەکانی چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 بۆ سەر ناوچەکانی شنگال و دەوروبەری دروستکرا، سەدان خێزانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە روویان تێکردووە و تاوەکوو ئێستاش تێیدا دەژین.

 بەهۆی قەرەباڵغی و زۆریی ژمارەی دانیشتووانەکەی، کێشەی کۆبوونەوەی زبڵ و پاشماوەی پلاستیکی یەکێک بووە لە گرفتە ژینگەییەکانی بەردەم ئەم کەمپە.

 لە چەند ساڵی رابردوودا رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان چەندین هەڵمەتی هۆشیارییان بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان (ریسایکلین) لە کەمپەکاندا ئەنجام داوە.