مەسرور بارزانی: هیوادارم یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر کولتووری بەیەکەوەژیان قووڵتر بکاتەوە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و جیهان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی تەواوی موسڵمانانی کوردستان و جیهان کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا هیوای خواست ئەم یادە ببێتە هۆی قووڵبوونەوەی زیاتری کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستاندا.
هەروەها، مەسرور بارزانی هیواشی خواست ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە نێوان سەرجەم گەلانی جیهاندا زیاتر بچەسپێت و پەرە بستێنێت.
یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، یەکێکە لە بۆنە ئایینییە گرنگەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا و ساڵانە لە رۆژی 12ـی مانگی رەبیعولئەوەلدا یاد دەکرێتەوە.
لە شاری هەولێر، ئەم بۆنەیە مێژووییەکی دێرینی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوڵتان موزەفەرەدین لە سەدەی 12ـی زایینیدا.
ساڵانە بەم بۆنەیەوە، هاووڵاتییان لە نزیک قەڵای هەولێر و بازاڕەکاندا کۆدەبنەوە و شیرینی دەبەخشنەوە و مەولوودنامە دەخوێندرێتەوە.
هاوکات، لە تەواوی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا پشووی فەرمییە و سەرکردە سیاسییەکان پەیامی پیرۆزبایی بڵاودەکەنەوە. وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیش بۆ ئەمساڵ چەندین چالاکیی جۆراوجۆری لە مزگەوتەکاندا رێکخستووە.