ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو: بەشداریمان لە حکوومەتدا ئەگەرێکی دوورە
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو رایدەگەیەنێت، بەشداریی حزبەکەی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەرێکی دوورە و داواش لە لایەنەکان دەکات پەلە لە پێکهێنانی حکوومەتدا بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، سەڵاحەددین بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ناوخۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 گوتی، دۆخەکە وا دەخوازێت لایەنەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و کابینەی نوێی حکوومەت پێکبهێنن، چونکە هەر دەبێت ئەوە بکرێت و هیچ چارەیەکی دیکە نییە جگە لەوە.
باسی لەوەش کرد، "پارتی و یەکێتی بەڵێنی کۆبوونەوەیان دا، بەڵام چەند شتێک هاتنە پێشەوە و کۆبوونەوەکە نەکرا. لەوانەیە هەردوولاشیان چاوەڕێی چەند شتێک بن؛ دەستپێشخەرییەکەمان تاوەکو ئێستا بەردەوامە".
سەبارەت بە بەشداریی یەکگرتوو لە کابینەی نوێی حکوومەتدا، سەڵاحەددین بەهائەددین گوتی، "ئەگەرێکی دوورە و تاوەکو ئێستا باس لەو بابەتە نەکراوە."
دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، یەکگرتوو چەندین جار هەڵوێستی خۆی وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن دووپات کردووەتەوە و رەتیکردووەتەوە بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات.
لە ماوەی رابردوودا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی چەقبەستوویی سیاسی و ساردیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیاند، ئەمەش بە مەبەستی هاندانی هەردوولا بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت. لەگەڵ ئەوەشدا، یەکگرتوو جەخت لەوە دەکاتەوە رۆڵی سەرەکیی خۆی لە دەرەوەی دەسەڵات و وەک چاودێرێکی سیاسی دەبینێت